سەرۆكایەتی یەكێتی ڕایدەگەیەنێت، كۆچی دوایی قادری حاجی عەلی خەمێكی قوڵ و داخێكی سەختە و دەشڵێت، بەشی زۆری تەمەن و گەنجێتی لەناو شۆڕشی نوێ و یەكێتی و خەبات بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواكانی گەلەكەی تەرخانكرد.
سەرۆكایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەمڕۆ سێشەممە 10ی تشرینی دووەم لە ڕاگەیەنراوێكدا دەڵێت، بەداخ و كەسەرێكی زۆرەوە، بەهۆی ڤایرۆسی نەگریسی كۆرۆنا، هەڤاڵ قادری حاجی عەلی، سەركردە و سیاسەتمەدار و تێكۆشەرێكی دێرینی كوردایەتی بۆ هەتاهەتایە بەجێهیشتین.
دەشڵێت، “كۆچی دوایی كاك قادری حاجی عەلی، مرۆڤێكی نیشتمانپەروەر و سەركردە و پێشمەرگەی دێرینی شۆڕشی نوێ و ئەندامی پێشووتری مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و یەكێك لە دامەزرێنەرانی بزوتنەوەی گۆڕان، خەمێكی قوڵ و داخێكی سەختە”.
لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، قادری حاجی عەلی بەشی زۆری تەمەن و گەنجێتی لەناو شۆڕشی نوێ و یەكێتی و خەبات بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواكانی گەلەكەی تەرخانكرد. رۆڵی بەرچاو و گرنگی هەبوو لەو ئەرك و بەرپرسیاریەتیانەی پێی سپێردرابوو.
ئاماژەشدەدات، بۆ ئەم خەمە، پرسە و سەرەخۆشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاراستەی كەسوكار و خانەوادەی سەربەرزی قادری حاجی عەلی و هەموو هاوڕێ و هاوسەنگەران و تێکۆشەرانی یەکێتیی دەكەین، خۆمان بەهاوبەشی خەم و پرسەی هەموولایەك دەزانین.