ڕەوتی سەدر مكوڕە لەسەر حكومەتی زۆرینە و پارتیش دەیەوێت بەڕووی لایەنەكاندا كراوەبێت

شاندێكی ڕەوتی سەدر لەگەڵ شاندی پارتی لە هەولێر كۆبووەوە، وتەبێژی پارتی بەشێك لە ناوەڕۆكەكەی ئاشكراكرد و دەڵێت، گفتوگۆی یەكەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانیان كردووە و ڕوونیشیدەكاتەوە، ڕەوتی سەدر لەسەر پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە مكوڕە و ئەوانیش پێیانباشە بەڕووی لایەنەكانی دیكەدا كراوەبێت.

دوێنێ شاندێكی ڕەوتی سەدر بە سەرۆكایەتیی حەسەن عزاری، سەرۆکی فراكسیۆنی سەدر گەیشتە هەولێر و ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجامدا.

دوابەدوای كۆبوونەوەكە مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی لە لێدوانێكدا بۆ میدیاكانی حزبەكەی ڕایگەیاند، سەردانەكەی شاندی ڕەوتی سەدر بۆ هەولێر بەمەبەستی گفتوگۆكردن بوو لەبارەی ئەو دانیشتنەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە بڕیارە لە 9ی ئەم مانگە ئەنجامبدرێت.

وتیشی، “پێشتر هەندێك لێكتێگەیشتن لەنێوان ئێمە و ئەواندا هەبووە، ئەوەی ماوەتەوە ئەوەیە ئەو لێكتێگەیشتنانە بكرێنە بواری كردەیی”.

بەوتەی مەحمود محەمەد، بۆ ئەو هەنگاوەش پێویستییان بەوەیە لەناوخۆی كوردستانیش هەندێك گفتوگۆ بكەن، ڕوونیشیكردەوە سبەی شاندی پارتی لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دانیشتنی دەبێت.

ئاشكراشیكرد، دوو لیژنەیان سبەی لەگەڵ یەكێتی دانیشتنی دەبێت، بەڵام ئەوەی پەیوەندی زیاتری بەو بابەتەوە هەبێت لیژنەیەكە تایبەت بە گفتوگۆكردن لە بەغداد.

وەك ئەوەی وتەبێژەكەی پارتی ئاماژەی پێدا لیژنەكە تاوتوێی ئەو پرسانە دەكات كە دەبێتە كارنامەیەك لە كوردستانەوە بۆ ئەوەی بزانن “بۆ كارنامەی حكومەتی ئاییندە ئێمە چ روئیایەكمان هەیە بۆ داهاتووی ئەو كابینەیە و ئەو شایستانەی كوردستان هەیەتی و ئەو بابەتانەی لای خەڵكی كوردستان گرنگن چۆن لەو كارنامەیەدا جێیان بكرێتەوە، تا ئەو كابینەیەش وەك كابینەكانی پێشوو دیسان بۆ كاتێكی دیكە دواینەخات”.

سەبارەت بەوەی ئایا هیچ گەرەنتییەك هەیە لەكاتی ڕێككەوتن لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان ڕێككەوتنەكە جێبەجێبكرێت، مەحمود محەمەد ڕوونیكردەوە، گەرەنتی دەكەوێتەسەر “میسداقییەت” و وتی، لە جارەكانی پێشووش هەندێكجار وەرەقەیان ئیمزا كردووە و هەندێكجاریش ئەمریكا و بەریتانیاش لەنێواندا بوون بۆ جێبەجێكردنی، بەڵام دواییش جێبەجێنەكراوە.

دووپاتیشیكردەوە، “گەرەنتی ئەوەیە بۆ كۆمەڵێك لەو بابەتانە كە چەندین ساڵە ماونەتەوە لەسەر خەت بین و لەناو كارنامەكەی كوردستانیدا هەبێت و لەسەر ئەوە ڕێككەوین تا كابینەكە لەسەر ئەو بنەمایە پێكبێت”.

سەبارەت بە بۆچوونی سەدرییەكانیش لەسەر شێوازی دروستكردنی حكومەتی ئاییندە وتی، “لە ڕوانگەی ئەوانەوە پێیان باشە حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی پێكبهێنن و ئێمەش پێمان باشە دەرگا و پەنجەرەكانی كراوەبن بۆ هەموو لایەنەكان بۆ ئەوەی بەشداربن”.

ئاماژەی بەوەشكرد، سەدرییەكان لەگەڵ ئەوەن ئەو حزبە براوانەی زۆرینەیان هێناوە بەشداربن، باوەڕیان بەوەیە كە دەبێت ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێزیش هەبێت، وایدەبینن دیموكراسیی زیاتر بەوە دەچەسپێت كە ئۆپۆزسیۆنی نیشتمانی هەبێت.

سەبارەت بە جیاوازییەكانی بۆچوونی لایەنە عەرەبییەكان لەگەڵ بۆچوونی ئەوان ڕوونیكردەوە، تایبەتمەندییەك لە كوردستاندا هەیە، كە جگە لە نیشتمانی كوردستان وەك لایەنی جیاكەرەوە “كۆمەڵێك كێشەی نەتەوەییمان هەیە كە ئەوان نییانە و پێویستە لە كارنامەكەدا ڕەنگبداتەوە”.

دەربارەی كۆبوونەوە بڕیاردراوەكەی سبەینێش مەحمود محەمەد وتی، پڕۆژەیەكی كارنامە بە هاوبەشیی یەكێتی و پارتی ئامادەكراوە و جیاوازییشمان لەو بابەتە نەبووە، بەڵام پێویستی بە نوێكردنەوە و زیادكردنە بۆ ئەوەی بیكەنە كارنامەی كوردستانی كە لەگەڵ لایەنی دیكەی چ شیعی چ سوننی بیخەنەڕوو.

بابەتی پێشتر

سبەینێ ناوخۆ و ڕەگەزنامە مووچە وەردەگرن

بابەتی دواتر

بریكاری وەزیری تەندروستی: ئۆمیكرۆن تۆمارنەكراوە، بەڵام چەند هەفتەی داهاتوو ‏دەگاتە هەرێم

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

دەزگای ئاسایشی هەرێم: ئەو ماددە هۆشبەرانەی پێشتر دەستیان بەسەرداگیرابوو بە شێوازێكی زانستی لەناوبران

دەزگای ئاسایشی ھەرێم رایدەگەیەنێت، سەرجەم ئەو ماددە هۆشبەرانەی لە ماوەی رابردوودا دەستیان بەسەرداگیرابوو بە شێوازێكی زانستی لەناوبران. بەپێی…
Total
0
Share