تەندروستیی سلێمانی: لە کۆتایی ساڵدا کێشەی دەرمان لە سلێمانی قوڵتردەبێتەوە

جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی لەبارەی کێشەی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکانەوە هۆشداری دەدات کە ئەگەر تا کۆتایی ئەمساڵ کێشەی نەختینە چارەسەر نەکرێت زیاتر قوڵدەبێتەوە و چارەسەرکردنی کاتێکی زیاتری دەوێت.

دکتۆر هێرش سەید سەلیم جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، قەیرانی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی لە سلێمانی دەگەڕیتەوە بۆ نەبوونی نەختینە و دابیننەکردنی پارەی کۆمپانیاکان، ئەوەش پەیوەندیدارە بە وەزارەتی داراییەوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئەگەر کێشەکە تا کۆتایی ساڵ چارەسەرنەکرێت، دووبارە پێداچوونەوە بە خەرجی و داهاتدا دەکرێت، بۆ ئەوەش جارێکی دیکە پێویست بە ڕسوماتی ناپێویست دەکات و دەبێت جارێکی دیکە بۆ خەرجیی دەرمان ڕەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران وەربگیرێت کە ئەوەش کاتێکی زۆری دەوێت و دەبێت لە یەکەم هەنگاوەوە دەستپێبکرێتەوە.

جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی وتی، ئێستا بڕێک پارە خەرجکراوە، کە دەکرێت هەندێک لە پارەی کۆمپانیاکانی دەرمانی لێبدرێت ئەوەش بەشێکی کەمە کە ناتوانێت کەلێنێکی گەورە پڕبکاتەوە.

جەختیکردەوە، نەخۆشخانەکان پێویستیی زۆریان هەیە لەڕووی دەرمان و پێداویستییەوە کە لای کۆمپانیاکان هەیە بەڵام نایدەن بە تەندروستیی سلێمانی لەبەرئەوەی ئەگەر چەکیشییان پێبدرێت خەرجناکرێت بۆیان و نەختینە نییە.

ئەمە لە کاتێکدایە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا ژمارەیەک ئەمبوڵانس بۆ تەندروستیی سلێمانی دابینکرا کە بەپێی وتەی دکتۆر هێرش سەید سەلیم ئەو ئەمبوڵانسانە کە 10 دانەن ماوەی دوو ساڵە داوای کراوە و پێویستمان بە 30 ئەمبوڵانس هەبووە بەڵام ئەو ژمارە کەمەیان دابینکردووە.

بابەتی پێشتر

خوولی سەربازی دەستپێدەكات

بابەتی دواتر

مێندی بۆ یەکەمجار باس لە زیندانیکردنی دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share