دیوانی وەزارەتی کارەبا ئاشکرایدەکات، لەماوەی سێ مانگدا وەڵامی 328 گلەیینامە و داواکاریی هاوڵاتییانی لەبارەی کارەباوە داوەتەوە، لەگەڵ ئەوەش، لە هەولێر گلەیینامەکان زیاترن لە سلێمانی.
بەپێی ئامارێک کە دیوانی وەزارەتی کارەبا بڵاویکردووەتەوە، لەماوەی سێ مانگدا لە هەولێر 206 سکاڵای هاوڵاتییان هەبوون لەبارەی کارەباوە، لە سلێمانیش تەنها 85 سکاڵا هەبوون.
بەپێی ئامارەکە، هەر لەو ماوەیەدا لە دهۆک 22 سکاڵا تۆمارکراون و لە گەرمیان 13 سکاڵا و لە هەڵەبجەش تەنها دوو سکاڵا هەبوون.
دیوانی وەزارەتی کارەبا دەڵێت، 269 سکاڵای هاوڵاتییان چارەسەرکراون و 38 سکاڵا تایبەت بوون بە پێشنیاز و تێبینی، هەروەها نۆ سکاڵا بۆ وەڵامدانەوە پێویستییان بە زانیاریی زیاتر هەیە، 12 سکاڵاش بەدواداچوونی بۆ دەکرێت.
سکاڵا و داواکاریی هاوڵاتییان لەسەر ئەم بابەتانە بوون:
- کێشەی پێوەری زیرەک
- کێشەی فرۆشیاران و هەڵەی خوێندنەوەی پێوەر
- گەڕانی ژمێریاران لە گەڕەکەکان
- گەیاندنی کارەبا بۆ شوێنەکان
- سەرپێچی و ڕۆتین