سەدان فەرمانبەر لە فەرمانگەكانی حكومەتی عێراق لە ژمارەیەك پارێزگا، بەهۆی دواكەوتنی موچەكانیانەوە بایكۆتی دەوامیان كرد.
ئەو فەرمانبەرانەی كە بەهۆی دواكەوتنی موچەكانیانەوە بایكۆتی دەوامیان كردووە، جەختیانكردووەتەوە لەسەر ئەوەی كە بایكۆتكردنەكەیان لە دامەزراوەكانی تەندروستیی، نەوت و پەروەردە بەردەوام دەبێت تا ئەو كاتەی موچەكانیان خەرج دەكرێت.
نوێنەرانی فەرمانبەران ئاماژەیان بەوەكردووە، “تا ئێستا موچەی مانگەكانی ئەیلول و تشرینی یەكەمی ڕابردوومان خەرج نەكراوە لە كاتێكدا وا لە مانگی تشرینی دووەمداین”.
پێشتر حكومەتی عێراق لەنێوان 15 تا 26ی هەموو مانگێك موچەی فەرمانبەرانی دابەش دەكرد، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە، تا ئێستا موچەی مانگەكانی ئەیلول و تشرینی یەكەمی ڕابردووی فەرمانبەرانی دابەش نەكردووە.
لە مانگی ئەیلولی ڕابردووشدا، حكومەتی عێراق پرۆژەیاسای قەرزی ناوخۆیی بە بڕی 41 تریلیۆن دینار ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران كرد، بۆ ئەوەی بتوانێت موچەی فەرمانبەرانی بۆ سێ مانگی داھاتوو خەرج بكات.