سێ كورە دادەخات
ئەڵمانیا پشت لە وزەی ئەتۆم دەكات

وێنەی ئاسمانیی یەكێك لە كورە ئەتۆمییەكانی ئەڵمانیا فۆتۆ: AFP

لەكاتێكدا ئەوروپا ڕووبەڕووی یەكێك لە دژوارترین قەیرانەكانی وزە لە مێژوویدا بووەتەوە، ئەڵمانیا دوێنێ هەینی 12/31 نیوەی توانا ئەتۆمییەكانی ڕاوەستاند پاش دەیەیەك لە بڕیارە مێژووییەكەی ئەنگێلا مێركل بە هاندانی وڵاتەكەی بۆ وازهێنان لە ئەتۆم.

وەستاندنی سێ كورەی ئەتۆمی لە كۆی شەش دانە كە لە خزمەتدایە، هاوكاتە لەگەڵ گەورەیی قەیرانی وزەی ئەوروپا كە ناكۆكییە جیۆسیاسییەكانی ئەمدواییەی ڕوسیا-ی هەناردەكاری سەرەكی غاز پاڵنەریەتی.

دامەزراوەی ئەتۆمی لە پرۆكدۆرڤ (باكوور) و گروندە (ناوەڕاست) و گۆندریمینگن (باشوور) لەگەڵ دەستپێكی ساڵی نوێی 2022 دەوەستن. ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی وزەی ئەتۆمیی ماوەی ئەڵمانیا بۆ نیوە و كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی وزە بە نزیكەی چوار گێگاوات. كە یەكسانە بەو وزەیەی هەزار تۆڕبینی با بەرهەمیدەهێنێت.

لە كۆتایی ئەمساڵیشدا ئەڵمانیا دوا سێ كورەی ئەتۆمی خۆی لە وڵاتدا ڕادەگرێت، كە بریتین لە ڤیستهایم (باشوور) و ئیزار 2 (باشوور) و ئیمسلاند (باكوور).

ناڕەزایەتییەكان لەبارەی كارەساتەكەی فۆكۆشیمای ئەتۆمی كە لە ساڵی 2011 ڕوویدا پاڵنەری ئەنگێلا مێركل-ی ڕاوێژكاری ئەوكات بوو بۆ وازهێنان لە وزەی ئەتۆم لە ئەڵمانیا.

ناكۆكیی جیۆسیاسی
سەرەڕای وازهێنان لەو وزەیەی كە نزیكەی 11%ی كارەبای بەرهەمهێنراوی ساڵی 2020 دەگرێتەوە، “پاڵپشتییەكان لە ئەڵمانیا تائێستا زامنە” وەك ئەوەی ڕۆژی سێشەممە ڕۆبەرت هابیك، وەزیری ئابوری و پارێزگاریی ژینگە لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد.

لەپێناو قەرەبووكردنەوەی وزەی ئەتۆم، چاوەڕوان دەكرێت وزە جێگرەوەكان بەتەواوی ئەم بۆشاییە پڕبكەنەوە، ئەڵمانیا بەشێوەیەكی گەورە پاڵپشتییەكانی لە وزەی بەردین بەتایبەت غاز بۆ پڕكردنەوەكە بەكاردەهێنێت.

بەڵام زامنكردنی ئەم وزەیە پڕخەرجییە، بەهۆی ئەوەی چەندین مانگە نرخی غاز لە ئەوروپا ڕوو لە بەرزبوونەوەیە لە ئاكامی ناكۆكییە جیۆسیاسییەكان لەگەڵ ڕوسیا-ی گەورە هەناردەكاری غاز بۆ ئەوروپا.

هەندێك لە وڵاتانی ڕۆژئاوا وای دەبینن مۆسكۆ سنوورداركردنی هەناردەی غاز بۆ ئەوروپا وەك كارتی فشار بەكاردەهێنێت لەسایەی ئەو ناكۆكییە جیۆسیاسییە قوڵەی لەبارەی جموجوڵە سەربازییەكانی ڕوسیا لە سنوورەكانی ئۆكرانیا لەئارادایە.

بەهەمان شێوە، بەمدواییە حكومەتی نوێی ئەڵمانیا هەڕەشەی “وەستاندن”ی هێڵی بۆریی غازی نۆرد ستریم 2ی كرد كە ڕوسیا لەڕێی دەریای بەڵتیك-ەوە بە ئەڵمانیا دەبەستێتەوە، ئەگەر بارگرژی لە ئۆكرانیا ڕووبدات كە ئەمریكی و ئەوروپییەكان مۆسكۆ بە ئامادەكاری بۆ هێرشكردنەسەری تۆمەتبار دەكەن.

هۆكارێكی دیكەی بەرزبوونەوەی نرخ هەیە كە خۆی لە كەمبوونەوەی ئەمبارەكانی ئەوروپا بۆ كەمترین ئاست دەبینێتەوە بەكاریگەریی وەرزی درێژی سەرما.

پێدەچێت گەڕاندنەوەی ئەم ئەمبارانە بۆ ئاستی پێشووی پڕۆسەیەكی دژوار بێت لەسایەی ئەو خواستە زۆرەی بەهۆی بوژانەوەی زیاتر لە پێشبینیكراوی ئابورییەكاندا پاش قەیرانی پەیوەندیدار بە كۆڤید هاتەئاراوە.

هەموو ئەوانەش هاوشانە لەگەڵ ئەو ئاستەنگانەی وزە نوێیەكان ڕووبەڕووی دەبێتەوە وەك وزەی با و وزەی خۆر بەهۆكاری ئاووهەوا.

بەپێی سیباستیان هیرۆڵد، مامۆستای سیاسەتی وزە لە زانكۆی زانستی جێبەجێكردن لە دارمشتات (ڕۆژئاوا)، پێشبینی دەكرێت كۆتاییهێنان بە وزەی ئەتۆمی لە ئەڵمانیا ببێتە هۆی زیادبوونی زیاتری نرخ.

ئاژانسی فرانس پڕێس لەزاری ئەو شارەزایەوە وتی، “لەسەر ئاستی درێژمەودا، هیوادارین زیادبوونی وزە جێگرەوەكان ببێتە هۆی هاوسەنگبوونەوەی كاروبارەكان، بەڵام ئەمە لە كورتمەودادا نابێت”.

پێشبینی دەكرێت ئەڵمانیا “زیاتر پشت بە غازی سروشتی ببەستێت، لانیكەم لە ئاستی كورتمەودادا و كەمێكیش زیاتر پشت بە ڕوسیا ببەستێت” بەپێی هیرۆڵد.

ئامانجەكانی نایەتەدی
لایەنێكی نەرێنی دیكە هەیە كە خۆی لە داخستنی كورەكانی وزەی ئەتۆمی دەبینێتەوە و دەبێتە لابردنی سەرچاوەیەكی سەرەكی وزەی كەم دەردەری كاربۆن لە وڵاتێكدا كە دەردراوەكان تیایدا لەزیادبووندایە.

لەهەمان كاتدا پێشبینی دەكرێت پەنابردنەبەر وزەی بەردین بۆ شوێنگرتنەوەی وزەی ئەتۆم ببێتەهۆی زیادبوونی دەردراوەكانی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن “تا دەگاتە 40 ملیۆن تۆن”ی ساڵانە بەپێی پەیمانگای (دی ئەی دەبلیو) كە بارەگاكەی لە بەرلین-ە.

ڕۆبەرت هابیك لە چاوپێكەوتنێكدا دەڵێت، ئەڵمانیا ئامانجەكانی پەیوەندیدار بە كەمكردنەوەی دەردانی دووەم ئۆكسینی كاربۆن “ناهێنێتەدی” لە هەردوو ساڵی 2022 و 2023.

بە كردەیش پشكی وزەی نوێ لە كارەبای بەرهەمهاتوو بەدرێژایی ساڵ لە چارەكی سێیەمی ساڵی 2021دا بەڕێژەی 43% كەمبووەوە، بەپێی نوسینگەی دیستاتیس.

پێویستە لەنێوان هەزار بۆ 1500 تۆڕبینی نوێی با هەموو ساڵێك دروستبكرێت بەپێی هابیك، لە بەرامبەر “كەمێك زیاتر لە 450″ی ساڵانە لەم ساڵانەی دواییدا.

هاوپەیمانیی دەسەڵاتدار كە لە پارتی سۆشیال دیموكرات، سەوز و لیبڕالەكان پێكدێت خواستی هەیە كە 80%ی كارەبا لە ئەڵمانیا لەڕێی سەرچاوەی وزەی نوێوە بە گەیشتنە ساڵی 2030 بەدەستبهێنێت.

س: مۆنت كارلۆ

بابەتی پێشتر

لە 2021، 54 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراون<br>ساڵی ڕابردوو 48 هاوڵاتیی کورد لە ئێران لەسێدارەدراون

بابەتی دواتر

ڤینیسیۆز بووەتە گرانبەهاترینی بەرازیل و نێیماری خستووەتە دوای خۆی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share