کەناڵی بی بی سی-ی بەریتانی رایگەیاند، سەپاندنی باجی 54% لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە بەسەر چیندا، زیان بە کۆمپانیا چینییەکان دەگەیەنێت کە هەوڵی چوونە ناو بازاڕەکانی ئەمریکا دەدەن، بەڵام دەبێتە دیارییەک بۆ شی جینپینگ، سەرۆکی چین.
کەناڵەکە لە راپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوەکرد، سەپاندنی باج لەلایەن ئەمریکاوە، پشتگیری لە هەوڵەکانی سەرۆکی چین دەکات بۆ نیشاندانی وڵاتەکەی وەک پاڵەوانی بازرگانیی ئازاد و لایەنگری دامەزراوە فرەلایەنەکان.
راشیگەیاند، حکومەتی چین میدیاکانی وڵاتەکەی کۆکردووەتەوە بۆ هێرشکردنە سەر بڕیارەکانی ئەم دواییەی ئیدارەی ترەمپ و پشتگیریکردن لە قسەکانی سەرۆکی چین، بۆ بەرەوپێشبردنی سیاسەتی وڵاتەکەی.
جەختیشی لەوە کردەوە، “سیاسەتەکانی ترەمپ وادەکات، زۆرێک لە وڵاتان لە چین نزیکتر ببنەوە و زیاتر لە ئەمریکا دووربکەونەوە”.