وەزارەتی بەرگریی ئێران ڕایگەیاند، کەشتی ئاسمانی “سیمورغ”یان تاقیکردووەتەوە و کردارەکەش بەسەرکەوتووی کۆتاییهاتووە.
سیمورغ، ناوی باڵندەیەکی ئەفسانەیی مێژووی ئێرانە و زیاتر لە ئەدەبیاتی نوسراوی ئێرانیدا ئاماژەی پێکراوە، کۆماری ئیسلامی ئێران ناوی کەشتییە ئەسمانییەکەی بەناوی ئەو باڵندە ئەفسانەییەوە ناوناوە.
وەزارەتی بەرگریی ئێران تاقیکردنەوەی هەڵدانی کەشتییە ئەسمانیەکەی بە “سەرکەوتوو” ناوهێناوە، ئەگەرچی ناوەندە جیهانییەکان تا ئێستا دانیان بەو تاقیکردنەوەیەدا نەناوە.
ئەحمەد حسێنی، وتەبێژی بەشی ئاسمانی وەزارەتی بەرگریی ئێران ڕایگەیاندووە، “کەشتییە ئەسمانییەکە دەتوانێت بە خێرایی 7 هەزار و 350 مەتر لە چرکەیەکدا بڕوات”.
بە وتەی وتەبێژی بەشی ئاسمانی وەزارەتی بەرگریی ئێران “تاقیکردنەوەکە بەسەرکەوتووی لەلایەن بنکەی بۆشایگەری (ئیمام خومەینی) لە شاری سمنان بەڕێوەچووە”.
بەرنامەی “بۆشایگەری ئێرانی” نیگەرانی وڵاتانی ڕۆژئاوای لێکەوتووەتەوە و دەڵێن، “بەرنامەکە بەڵگەی پەرەپێدانی موشەکی ئێرانییە”.
هەڵدانی کەشتی ئاسمانی “سیمورغ” چەندجارێکی دیکە تاقیکراوەتەوە و سێ ساڵ پێش ئێستا ئەمریکا وتی، “تاقیکردنەوەی موشەکەکە سەرکەوتوو نەبووە و تەقیوەتەوە”.