وەزارەتی پلاندانانی عێراق پلانی وەزارەتەکەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەژاری لە ماوەی سێ ساڵدا ئاشکراکرد کە لە پێشینەی پلانێکی درێژخایەندایە تا ساڵی 2030.
عەبدولزەهرە هنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراقی ڕاگەیاندووە، “پلانی درێژخایەنی گەشەپێدان کە تا ساڵی 2030 دەخایەنێت، مەبەست لێی بەدیهێنانی ژمارەیەک ئامانجە لەپێشینەشیان ڕووبەڕووبوونەوەی هەژارییە، لەگەڵ بەردەوامبوون لە هەنگاوەکانی دیکەی گەشەپێدان”.
وتەبێژی وەزارەتی پلاندانان دەڵێت، “وەزارەتەکەمان ئێستا لەچێوەی پلانی کەمکردنەوەی هەژاری بۆ ساڵانی 2018 تا 2022 کاردەکات و دواتر دەستدەکەین بە ستراتیژە نوێیەکەی ڕووبەڕووبوونەوەی هەژاری کە لە ساڵی 2023 تا 2027 بەردەوامدەبێت”.
بەپێی وتەی ئەو، ڕێژەی بێکاری لە عێراقدا بەرزە و چارەسەرکردنی پەیوەندیدارە بە بابەتەکانی گەشەسەندن و لایەنی ئابوری، بەپێی ئامارەکان ڕێژەی بێکاری لە سەرتاسەری عێراقدا ئێستا 14%یە، کە ئەمەش ڕێژەیەکی زۆرە و لە پلانی درێژخایەنی وەزارەتدا یەکێکە لەو کێشە لەپێشینانەی چارەسەردەکرێن.
یەکێکی دیکە لەو بوارانەی پلانەکە گرنگییان پێدەدات کەمکردنەوە و ڕێکخستنی گەشەی دانیشتووان و وەچەخستنەوەیە، لەو بارەیەوە هنداوی ڕایگەیاند، “تائێستا نەگەیشتووینەتە ئەوەی یاسایەک یان بڕیارێک دەربکرێت بۆ دیاریکردنی وەچەخستنەوە لە خێزاندا، بەڵام هەوڵدەدەین لەڕێگەی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و هۆشیاریی خێزانییەوە وەچەخستنەوە لە خێزانەکاندا ڕێکبخەین، ئەویش بە زیادکردنی ماوەی نێوان لەدایکبوونەکان و کەمکردنەوەی لەدایکبوون وەک ڕێگایەک بۆ ڕێکخستنی خێزان”.
ئاماژەی بەوەشکردووە لە 10 ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی وەچەخستنەوە لە عێراق لەناو خێزانەکاندا تاڕادەیەک کەمبووەتەوە، ئەمەش بەشێکی بۆ تێگەیشتنی خەڵک دەگەڕێتەوە سەبارەت بە ژمارەی ئەندامانی خێزان و ڕێکخستنی خێزان.