عەمار حەكیم، سەرۆكی هاوپەیمانێتیی “هێزەكانی دەوڵەتی نیشتمانی”، پابەندیی خۆی بە بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی ڕەتكردنەوەی سكاڵاكانی تایبەت بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن دووپاتكردەوە.
حەكیم، كە هاوكات سەرۆكی ڕەوتی حیكمەشە، لە تویتێكدا نووسیویەتی، “لە باوەڕی قووڵمانەوە بە سەروەریی دەستوور و یاسا، پابەندیی خۆمان ڕادەگەیەنین بە بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، سەرەڕای تێبینییە ڕژدەكانمان (جدی) لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنەكە”.
عەمار حەكیم دووبارە پیرۆزبایی لە براوەكانی هەڵبژاردن كرد، هانیدان “بەپێی ئەو ئەرك و بەرپرسیارێتییانە كاربكەن كە كەوتوونەتە سەرشانیان، لە خزمەتی گەل و خێراكردنی پێكهێنانی حكومەتێكی كارا و هەماهەنگ، كە ئەو لایەنانە لەخۆبگرێت ویستی بەشداریكردنیان تیایدا هەیە و ئامادەن بەرپرسیارێتی لەبەردەم گەلی عێراق هەڵبگرن”.
حەكیم دووبارە هەڵوێستی هاوپەیمانێتییەكەشی بۆ بەشدارینەكردن لە حكومەتی داهاتووی عێراق دووپاتكردەوە.
ئەمڕۆ دادگای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا بە ڕەتكردنەوەی سكاڵاكانی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، كە لەلایەن هاوپەیمانیی فەتح-ی هادی عامری پێشكەشكرابوو.