وته‌بێژى وه‌زاره‌تى كشتو‌كاڵى هه‌رێمى كوردستان دەڵێت، له چه‌ند ناوچه‌یه‌كى هه‌رێمى كوردستان په‌ڵه‌یداوه و جوتیاران ده‌توانن بنه‌تۆو بچێنن، به‌ڵام له گه‌رمیان و كه‌ركوك بارانى پێویست نه‌باریوه.
حسێن حه‌مه‌كه‌ریم، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى كشتو‌كاڵى هه‌رێمى كوردستان به تۆڕی میدیایی ئێستاى ڕاگه‌یاند، “به‌و بارانه‌ى كه باریوه له هه‌ندێك ناوچه، بەتایبەت وه‌كو كوێستانییه‌كان، پهڵەیداوه و جوتیاران ده‌توانن، بنه‌تۆوی خۆیان بچێنن، به‌ڵام له گه‌رمیان و كه‌ركوك بارانبارینەكە له ئاستى پێویستدا نییه”.
بەڵام وتەبێژەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ دڵنیایی دا لەوەی، “هه‌رچه‌نده له گه‌رمیان و ئه‌و ناوچانه كاته‌كه‌ى دره‌نگه بۆ چاندنى بنه‌تۆو و ئەوەش كاریگه‌ریی ده‌بێت له‌سه‌ر جۆر و بڕی به‌رهه‌م، به‌ڵام هێشتا كات ماوه و زۆر دره‌نگ نه‌بووه كه جوتیاران نه‌توانن بنه‌تۆو بچێنن”.
لەبارەی كەمبارانی لە ناوچەكانی گەرمیان و كەركوك و چاندنی بنەتۆو، بەرپرسەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ وتی، “ئه‌و ناوچانه بارانى پێویستی لێنه‌باریوه، بۆیه ئه‌و جوتیارانه‌ى كه پشتیان به باران به‌ستووه، باش نییه بنه‌تۆو بچێنن و سوودى لێنابینن، به‌ڵام ئه‌و جوتیارانەی كه به هۆكاره‌كانى ئاودێری بنه‌تۆو ده‌چێنن، كێشه‌یان بۆ دروستنابێت”.
وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ وتیشی، “ئه‌گه‌ر له‌م چه‌ند ڕۆژەدا باران ببارێت له‌و ناوچانه‌ى باران كه‌م باریوه، جوتیاران ده‌توانن بنه‌تۆو بچێنن، به‌ڵام باران له‌وه زیاتر دوابكه‌وێت، سوودى نابێت”.