ئەمڕۆش جارێکی دیکە بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی دابەزینی بەرچاوی بەخۆوە بینی، بەیانی ئەمڕۆ یەک دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە 17.50 لیرەی تورکی مامەڵەی پێوەکراوە.
دابەزینی بەهای لیرە لە بازاڕەکانی دراودا بەردەوامە، پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتداریش بەردەوام بەڵێنی ڕاگرتنی داڕمانی دراوەكە و بەرزکردنەوەی بەهاکەی دەدات.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاندووە، پێشتر توانیویەتی ڕێژەی هەڵاوسانی ئابوریی وڵاتەکەی بە ڕێژەی 4٪ کەمبکاتەوە و بەم نزیکانە دووبارە ئەو كارە ئەنجامدەداتەوە.
پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن لە تورکیا ئەردۆغان تۆمەتباردەکەن بەوەی هۆکاری سەرەکیی هەڵاوسانی ئابوریی وڵاتەکەیە و داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەیان کردووە، لە بەرامبەردا ئەردۆغان، کە ماوەی 20 ساڵە لەدەسەڵاتدایە، دووپاتیكردەوە، هیچ جۆرە هەڵبژاردنێک ناکرێت تا ناوەڕاستی 2023 و پرسی هەڵبژاردن وەک ئەوەی بۆی دیاریکراوە دەچێتەپێشەوە.