گۆتیرێش: گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بە سورییەكان بەبێ ڕەزامەندیی دیمەشق ‏پێویستییەکی گرنگە

ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش لە ڕاپۆرتێکدا، کە دوێنێ سێشەممە پێشکەشی ئەنجومەنی ئاسایشی ‏نێودەوڵەتیی کردووە، گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بە دانیشتووانی سوریا لەڕێگەی ‏سنوورەکانەوە بەبێ وەرگرتنی ڕەزامەندیی دیمەشق پێداویستییەکی گرنگی هەنووكەییە.‏

لە ڕاپۆرتێکدا کە ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش پێشکەشی ئەنجومەنی ئاسایشی کردووە و ئاژانسی ‏فرانس پرێس بڵاویکردووەتەوە، هاتووە، لەم قۆناغەدا کاروانی هاوکارییەکان بەشێوەیەکی ‏ڕێکوپێک لە سنوورەکانی ئاڵۆزی و شەڕەوە ناگەنە دانیشتووانی سوریا، بۆیە پێویستە ‏بەبێ ڕەزامەندیی دیمەشق ئەو هاوکارییانە لەڕێگەی سەرجەم سنوورەکانەوە بەسەلامەتی ‏بگەیەنرێنە شوێنەکانی خۆیان.‏

گۆتیرێش لە ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت، ئەو هاوکارییانە ژیانی ملیۆنان هاوڵاتیی سوری لە ‏باکووری ڕۆژئاوای سوریا ڕزگاردەکات.‏

بەردەوامیی گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بە هاوڵاتییانی سوریا بەبێ ڕەزامەندیی دیمەشق ‏کۆدەنگییەکی تەواوی لەسەرە لەناو نەتەوە یەکگرتووەکاندا، جگە لە ڕوسیا کە ‏بەرهەڵستیی بڕیارەکە دەکات و جەختدەکاتەوە لەسەروەریی سوریا، وڵاتانی دیکە ‏بەهۆکاری مرۆیی پاڵپشتیی بەردەوامیی بڕیارەکە دەکەن.‏

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە مانگی تەمموزدا بڕیاری درێژکردنەوەی بڕیاری ‏گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بە هاوڵاتییانی سوری دا بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە، ئێستا ‏لە گفتوگۆی ئەوەدان لە دوای مانگی کانوونی دووەمەوە بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە ‏درێژی بکەنەوە.

بابەتی پێشتر

هێزه‌ ئه‌منییه‌كانى ئێران له‌ سنه‌ دوو چالاكوانى كوردیان ده‌ستگیركرد

بابەتی دواتر

خێزانێكى 12 كه‌سی ده‌ستگیركران كه‌ له‌ سوریاوه‌ هاتبوونه‌ عێراق ‏

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share