ڕاوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری دارایی، بەدووری دەزانێت بەهای دۆلار كەمبكرێتەوە و دەڵێت، بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار چەندین سوودی هەبووە.
موزهر محەمەد ساڵح ڕاوێژكاری مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری دارایی ڕایگەیاند، “پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2022 ئامادەیە و دوای تەواوكردنی ڕێوشوێنە دەستوورییەكانی هەڵبژاردن، حكومەت پڕۆژەیاساكە دەباتە پەرلەمان”.
وتیشی، “نرخی نەوت بە 50 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك لە بودجەی ساڵی 2022دا خەمڵێندراوە و بودجەی ساڵی داهاتوو بڕەكەی لە بودجەی 2021 زۆر جیاواز نابێت”.
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی لە میدیای عێراقیدا باس لە نیازی حكومەت بۆ گۆڕانكاریكردن لە بەهای دۆلار و دابەزاندنی دەكەن، ڕاوێژكارەكەی كازمی وتی، “هەموو ئەو لێدوانانە ناڕاستن و بەدووری دەبینم بەهای دۆلار كەمبكرێتەوە، بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار چەندین سوودی گەورەی هەبووە و قسەكردن لەبارەی گۆڕینی بەهای دۆلارەوە بووە بە ڕابردوو”.