ئەمریکا.. شەقام دەكوڵێت

لە زۆرێک لە ویلایەتەکانی ئەمریكا، ژمارەیەك لە هاوڵاتییانی ئەو وڵاتە لە كاردانەوەی 59یەمین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لەسەر شەقامن، لایەنگرانی كۆمارییەكان و ترەمپ داوای دووبارە ژماردنەوەی دەنگەكان دەكەن و لایەنگرانی بایدنیش داوا دەكان ترەمپ كۆشكی سپی بۆ سەرۆكی نوێ چۆڵ بكات.

وەك بەشێك لە میدیاكانی جیهان و ئەمریكاش بڵاویانكردووەتەوە، لەگەڵ نزیکبوونەوەی ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریكا، خەڵک دوای هەڵبژاردنەکان لە هەموو لایەکی وڵاتەوە بەتایبەتی شیکاگۆ و لۆس ئانجلوس ڕژاونەتە سەر شەقامەکان.

دەنگدەرانی دیموکراتەکان لە دوو ناوچەی جیاوازی نیویۆرک کە جۆ بایدن سەرکەوتنی بەدەستهێناوە ڕژانە سەر شەقامەکان و دوای سازکردنی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە نزیک بینای ترەمپ تاوەر لە شەقامی پێنجی مانهاتن، دەستیان بە ڕێپێوان کرد و داوا دەكەن ترەمپ كۆشكی سپی جێبهێڵێت.

خۆپیشاندەران لە نزیک گۆڕەپانی یونین رێگایان داخست، دواتر پۆلیس ڕوبەڕوویان بووەوە و ژمارەیەکی زۆری لێ دەستبەسەرکردن.

لەکاتێکدا لە شارەکانی وەک فلادلفیا، دیترۆیت و شیکاگۆ، خۆپیشاندەران بە هوتافکێشانی ”هەموو دەنگەکان بژمێرە” ڕێپێوانی ئاشتییانەیان سازکرد، دەنگەکانی ویلایەتی میشیگن هەژانی دروست کرد کە یەکێکە لە ویلایەتە هەستیارەکان لەڕووی یەکلاکردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ئەمریکادا.

لە شاری لۆس ئانجلوس دوای ئەوەی دوێنێ خۆپیشاندان سازکرا و چەند کەسێک دەستبەسەرکران، ئەمڕۆ بەهۆی ئەوەی پۆلیس ڕێکاری پێشوەختەی گرتەبەر ڕێپێوانێکی هێمنانەتر ڕێکخرا.

لە شاری مینیاپۆلیس کە پێشتر جۆرج فلۆید-ی ڕەشپێست لەلایەن پۆلیسەوە کوژرابوو، ئەو خۆپیشاندەرانەی ئۆتۆبانی I-94یان داخست، دەستبەسەرکران.

دەستگیرکردنی چوار کەس لە واشنتۆنی پایتەخت
لە شاری بالتیمۆر لە ویلایەتی ماریلاند، گروپێکی 30 کەسی بەشێوەیەکی ئاشتییانە پرۆتێستۆی زوو ڕاگەیاندنی سەرکەوتییان کرد لەلایەن کاندیدی کۆمارییەکان، دۆناڵد ترەمپ و لە بەرامبەردا، پۆلیس لە واشنتۆن دی سی، چوار کەسی بەتۆمەتی پابەندنەبوون بە یاساکانی خۆپیشاندان، هاندان بۆ ئەنجامدانی هێرش و توندوتیژی، دەستگیرکرد.

هەروەها لە شاری دیترۆیت لە ویلایەتی میشیگن داواکرا دووبارە دەنگەکانی پارتی کۆماری ئەژمار بکرێتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا گروپێک لە دەنگدەرانی کۆمارییەکان لەگەڵ بەرپرساندا بووە مشتومڕیان کە رێگەیان پێ نەدان بچنە ناوەندێکی جیاکردنەوەی دەنگەکان.

گروپەکە کە هوتافی ”با بچینە ناوەوە” و ”ئەژمارکردنی دەنگەکان ڕاگرن”یان دەکێشا، لەلایەن پۆلیسەوە بە زەبری هێز بڵاوەیان پێکرا.

چاوەڕوان دەكرێت خۆپیشاندان و ڕەتكردنەوەی هەڵبژاردن و ناڕەزایەتییەكان لەو وڵاتە فراوان بن، میدیاكانی ئەمریكا باس لەوە دەكەن حكومەت ڕێوشێونی توندی بۆ ئەو مەبەستە گرتووەتەبەر.

بابەتی پێشتر

حکومەتی عێراق 'پەلاماری پەکەکە بۆ سەر پێشمەرگە' ئیدانە دەكات

بابەتی دواتر

ئەو ژمارە پێوانەییانەی لە هەڵبژاردنی ئەمریكا تۆماركراون

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share