جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا سەردانی هەریەكە لە ڕوسیا، ئۆكرانیا و برۆكسل دەكات، مەترسییەكانی كۆكردنەوەی هێز لەلایەن ڕوسیاوە لەسەر ینوورەكانی ئۆكرانیا تاوتوێ دەكات، وڵاتانی ڕۆژئاوایی سوورن لەسەر دژوەستانەوەی هەر هێرشێكی ڕوسیا بۆسەر وڵاتەكە.
کارین دۆنفرید، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئەوروپا و ئۆراسیا ڕۆژانی 13 و 15ی ئەم مانگە سەردانی هەریەکە لە مۆسکۆ و کیێڤ دەکات، بەمەبەستی ئاگاداربوون لەو ئاڵۆزییانەی لەنێوان ئەو دوو وڵاتە دروستبووە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا لەسەردانەکەیدا بەرپرسانی حکومیی ئۆکرانیا و ڕوسیا دەبینێت سەبارەت بە “کۆکردنەوەی هێزی سەربازیی ڕوسی” لە سنوورەکانی لەگەڵ ئۆکرانیا و دووپاتکردنەوەی پاڵپشتییەکانی ئەمریکا بۆ پابەندبوون بە سەروەریی ئۆکرانیا و یەکگرتوویی خاکەکەی.
بەپێی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، دۆنفرید دواتر سەردانی برۆکسل دەکات بۆ وتووێژکردن لەگەڵ ئەندامانی هاوپەیمانیی ناتۆ و وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا لەپێناو یەکخستنی هەوڵەکانیان سەبارەت بە دۆسیەی ئۆکرانیا.
دوێنێ شەممە لەمیانی کۆبوونەوەی وڵاتانی 7 لە بەریتانیا، ئەمریکا جەختیکردەوە لە کۆتاییهێنان بەو ئاڵۆزییانەی ڕوسیا لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانیا دروستیکردووە و ڕایگەیاند، زلهێزانی ڕۆژئاوا ئامادەن بۆ سەپاندنی “سزای توند” بەسەر ڕوسیادا لەحاڵەتی ئەنجامدانی هێرش بۆسەر ئۆکرانیا.
واشنتن، وڵاتانی ئەوروپا و کیێڤ ماوەی چەند هەفتەیەکە ڕوسیا بەوە تۆمەتباردەکان هێزەکانی لە سنوورەکانی لەگەڵ ئۆکرانیا کۆکردووەتەوە بەمەبەستی ئەنجامدانی هێرش دژی ئەو وڵاتە.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و لە كۆبوونەوەی ۆنلاین لەگەڵ ڤلادمێر پوتین سەرۆكی ڕوسیا هەڕەشەی ئەوەیكرد، وڵاتەکەی چاوپۆشی لە هیچ هەنگاوێکی سەربازیی مۆسکۆ دژی ئۆکرانیا ناکات و سزاکانی ئەمریکا لە ئەگەری هەوڵی داگیرکردنی ئۆکرانیا بۆ سەر ڕوسیا وێرانکەر دەبن.