هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەستگیركردنی گروپێكی سەر بە داعش لە هەڵەبجە دووپاتدەكاتەوە

ئۆپراسیۆنێكی پێشووی هێزەكانی ئاسایشی سلێمانی

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەستگیركردنی 25 كەسی سەر بە داعش لە هەڵەبجە ڕادەگەیەنێت.

تیمی ئۆپراسیۆنی هاوبەشی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە تویتێكدا ڕایگەیاند، بەمدواییە لەلایەن هێزە عێراقییەكانەوە (لێرە مەبەست هێزە ئەمنییەكانە لە هەرێمی كوردستان) لە هەڵمەتێكدا 25 كەس لە ڕێكخەرانی ڕاهێنان و بەسەربازكردنی سەر بە داعش لە هەڵەبجە دەستگیركراون.

دەشڵێت، “ئامانج لە پرۆسەكە پاراستنی ئاسایشی ناوچەكە و كەمكردنەوەی توانای داعشە لە پلاندانان بۆ هێرشەكانی”.

ڕۆژی پێنجشەممە ئاسایشی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاشکرایکرد، “لە ئەنجامی چاودێری و کۆکردنەوەی زانیاریی ورد لەسەر گروپێکی سەر بە ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە پارێزگای هەڵەبجە، پاش بەدەستخستنی بەڵگەی تەواو لەسەریان کە مەرامیان بوو لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان کردەوەی تیرۆریستی ئەنجامبدەن و ئاسایشی ھەرێم تێکبدەن“. ئەو كەسانەیان دەستگیركردووە.

دەشڵێت، “لە ھەڵمەتێکی بەرفراوان و چەند ئۆپەراسیۆنێکی جیاجیای سەرکەوتوودا ڕۆژی چوارشەممە ژمارەیەک لە ئەندامانی تاقم و گروپی نەنووستووی تیرۆریستانی داعش لە شاری هەڵەبجە، قەزای سەیدسادق و شارۆچکەکانی خورماڵ، سیروان و چەند گوندێکی شارەزوور دەستگیرکران و دەستبەسەر ژمارەیەک لە چەک و تەقەمەنیشدا گیرا کە پیلانیان دانابوو تا لە کردەوە تیرۆریستییەکانیاندا بەکاریانبهێنن”.

ئاسایشی سلێمانی، كە ژمارەی دەستگیركراوەكانی ئاشكرانەكردووە، ئاماژە بەوەدەكات، “لێرەوە بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی ڕووندەکەینەوە لەبەر سەلامەتیی لێکۆڵینەوەکان و پاراستنی دۆسیەکە، زانیارییەکانی پەیوەست بەم پیلانەی تیرۆریستان دەھێڵینەوە و لە داھاتوویەکی نزیکدا بە بەڵگە و دۆکیومێنتی دروست زانیاریی زیاتر لەبارەی شکستپێھێنانی تێکدانی ئارامیی ھەرێم لەلایەن تیرۆریستانەوە بۆ ڕای گشتی بڵاودەکەینەوە”.

بابەتی پێشتر

لە كۆرمۆرەوە بەشەغازی سلێمانی كەمكراوەتەوە

بابەتی دواتر

سەرەڕای ڕێگرییەكان، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی لەكاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share