دوای كۆبوونەوەی سەركردەكانی لەگەڵ موقتەدا سەدر-دا، چێوەی هەماهەنگی ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، لەسەر چەند بابەتێك ڕێككەوتوون.
لە ڕاگەیەندراوەكەی چێوەی هەماهەنگی-دا هاتووە، “سەركردەكانی چێوەی هەماهەنگی لەگەڵ موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر كۆبوونەتەوە و دۆزە هەڵواسراوەكان و دوایین پێشهاتەكانی بارودۆخی ئێستایان تاوتوێكردووە”.
لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكراوە لەسەر گرتنەبەری ڕێككاری پێویست بۆ بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و سزادانی گەندەڵكاران و ڕاگرتنی بەفیڕۆدانی سامانی گشتی و جەختكردنەوە لە دەركردنی هێزە بیانییەكان بەپێی ئەو خشتەیەی ڕاگەیەندراوە، ڕێوشوێنێكیش بگیرێتەبەر بۆئەوەی چەك تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، بەشداربووانی كۆبوونەوەكە ڕێككەوتوون حەشدی شەعبی بپارێزرێت و پشتیوانیبكرێت و ڕێكبخرێتەوە، ئاساییكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل بە تاوان بناسێندرێت و ڕكابەریی سیاسی لەسەر پڕۆژەكانی خزمەتگوزاری لاببرێت.
ڕاگەیەندراوەكەی چێوەی هەماهەنگی دەڵێت، “هەردوولا ڕێككەوتوون گفتوگۆ و وتووێژەكانیان بەردەوامبن تا دەگەن بە چارەسەری ئەو داخرانەی بەسەر پرۆسەی سیاسیدا هاتووە”.