ڕاپۆرتێكی هەواڵگری: ئەمریكا تاوتوێی گواستنەوەی سەربازانی لە عێراقەوە بۆ هەرێمی كوردستان دەكات

هەڕەشە بەردەوامەكانی سەر (ناوچەی سەوز) لە بەغداد، هانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكای داوە تاوتوێی بژاردەی گواستنەوەی ژمارەیەكی زیاتری هێزەكانی بۆ هەرێمی كوردستان بكات، لەگەڵ فراوانكردنی بنكە سەربازییەكانی، وەك ئەوەی سایتێكی ئەژماركراو لەسەر هەواڵگری فەڕەنسا بڵاویكردوەتەوە.

بەپێی سایتی (ئینتیلیجس ئۆن لان) سەرەڕای ئەوەی ژمارەی سەربازانی ئەمریكا لە عێراق لە ساڵی 2020دا بەشێوەیەكی بەرچاو كەمكراوەتەوە، بەڵام زۆرینەی هێزەكانی ئەمریكا هێشتا لە بەغدادن.

ڕونیشیكردوەتەوە، لەگەڵ بەردەوامی هەڕەشەكانی واشنتن دەربارەی داخستنی باڵیۆزخانەكەی لە بەغداد، وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پێنتاگۆن) چەند بژاردەیەكی لە هەرێمی كوردستان لە بەردەستدایە بۆ جێگیركردنی هێزەكانی كە 2500 سەرباز لەخۆدەگرێت و تائێستا لە عێراقدا ماونەتەوە.

سایتەكە دەڵێت، “كونسوڵخانە نوێیەكەی ئەمریكا لە هەولێر دەتوانێت بەشێك لەو سەربازانە لەخۆبگرێت”.

كۆمەڵەی كونسوڵخانەكە، كە تێچووەكەی 600 ملیۆن دۆلارە، لە ساڵی 2018ەوە كار لەسەر دروستكردنی دەكرێت، دەبێتە گەورەترین كونسوڵخانەی ئەمریكا لە جیهاندا و تەنانەت لە ڕوبەری باڵیۆزخانەكەی لە ئوردن گەورەترە و بڕیارە لە ساڵی 2022دا بكرێتەوە، بە بەشە نیشتەجێبوونەكەی و بینا لۆجیستییەكانی دیكەی، ڕوبەرێكی گەورەی هەیە بۆ لەخۆگرتنی یەكەی سەربازیی.

سایتەكە ئاشكراشیكردووە، ویلایەتە یەكگرتووەكان نوێكردنەوە یان فراونكردنی بنكە سەربازییەكانی دیكەی لە هەرێم بەدوورنەزانیوە، لەئێستاشدا بە كردەیی كار لە بنكەی (حەریر) دەكرێت كە دەكەوێتە 70 كیلۆمەتر لە باكووری ڕۆژهەڵاتی هەولێر كە لە ساڵی 2003ەوە لەلایەن ئەمریكاوە بەكاردەهێنرێت و هاوشێوەی بنكەی ڕاهێنانە.

بەپێی هەمان سەرچاوە، پێنتاگۆن بیر لە بڵاوكردنەوەی ژمارەیەكی زیاتری سەربازانی لە بنكەی (سۆران) دەكات كە چەند كیلۆمەترێك لە باكووری بنكەی حەریر-ەوەیە.

دوپاتیشیكردوەتەوە، سەرەڕای داخستنی پێنج بنكە لە عێراق لە ساڵی 2020دا و، كەمكردنەوەی ژمارەی سەربازانی بۆ نیوە، ویلایەتە یەكگرتووەكان سوورە لەسەر پاراستن و بەهێزكردنی بوونی سەربازی خۆی لە هەرێم، وەك بنكەی ستراتیژی پشتەوەی نزیكەی 900 سەربازی ئەمریكی كە تائێستا لە سوریا و ڕۆژهەڵاتی كوردستان بڵاوەپێكراون بۆ سەرپەرشتی كردە سەربازییەكانی دژ بە ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش).

بابەتی پێشتر

(ڤیدیۆ) پاڵمێراس دوای 22 ساڵ دابڕان جامی لیبەرتادۆریسی بەرزکردەوە

بابەتی دواتر

ڕوبەڕوبوونەوەی مادەهۆشبەرەکان: هیچ کێڵگەیەکی مادەی هۆشبەر لە عێراقدا نییە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share