بەپێی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران كە ئەمڕۆ لەلایەن كۆمسیۆنەوە بڵاوكرایەوە، ڕەوتی سەدر براوەی یەكەمە، هاوپەیمانی كوردستانیش بەبێ كاندیدە سەربەخۆكانی 17 كورسی بەدەستهێناوە.
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی ئاشكراكرد كە لە 10ی تشرینی یەكەمی ڕابردوودا بەڕێوەچوو و ڕایگەیاند، گۆڕانكاری لە ئەنجامە بەراییەكان تەنها 5 كورسیی پەرلەمانی گرتووەتەوە، ئەمەش دوای سەرلەنوێ ژماردن و جیاكردنەوەی دەستیی ژمارەیەك لە وێستگەكان بەهۆی تانەكان و گومان لە ئەنجامدانی ساختەكاری.
دادوەر جەلیل عەدنان، سەرۆكی ئەنجومەنی كۆمسیاران وتی، پێنج گۆڕانكارییەكە لە بەغداد، موسڵ، هەولێر، كەركوك و بەسڕە بوون.
بەپێی ئەنجامەكان ڕەوتی سەدر 73 كورسی، هاوپەیمانی تەقەدوم (محەمەد حەلبوسی) 37 كورسی، دەوڵەتی یاسا 33، پارتی 31 و هاوپەیمانیی كوردستان 17 كورسی-یان هێناوە.
ئەنجامی لایەنەكان بە گرافیك، كە لەلایەن كۆمسیۆنەوە بڵاوكراوەتەوە: