نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا ڕاگەیەندراوێکی بۆ ڕایگشتی لەبارەی هێنانەوەی تەرمی کۆچبەران بڵاوكردەوە، دەڵێت، دوای کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکان لەلایەن فەرەنساوە دەتوانرێت بگەڕێنرێنەوە، تەنها لایەنیش بۆئەوە باڵیۆزخانەی عێراق و نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم دەبێت.
ڕاگەیەندراوەکەی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم سەبارەت بەو بەلەمەیە کە لە هەفتەی ڕابردوودا لە کەناڵی مانشی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا نوقمبوو و بەهۆیەوە 27 کۆچبەر خنکان.
نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا ڕایگەیاندووە، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی فەرەنسا، لێکۆڵەری دادگای پاریس و پۆلیسی فەرەنسا و باڵیۆزخانەی عێراق لە فەرەنسا لە پەیوەندیدان، بۆ ئەو مەبەستەش بەرپرسی تیمی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی قوربانیانی ئەو ڕووداوە پەیوەندی بە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کردووە و زانیاریی خستووەتەڕوو.
ئاماژەی بەوەکردووە، تائێستا 27 تەرم دۆزراونەتەوە و لەلایەن حکومەتی فەرەنسا و پزیشکی دادی ئەو وڵاتەوە لێکۆڵینەوە لە تەرمەکان دەکرێت بۆ دۆزینەوە و ناسینەوەی ناسنامەکانیان لەڕێگەی پشکنینی DNA یان پەنجەمۆر یان ددانەوە، دوای کۆتاییهاتنی ئەو لێکۆڵینەوانە ڕێگە بە گەڕاندنەوەی تەرمەکان دەدرێت.
نوێنەرایەتییەكەی حكومەتی هەرێم جەختیشدەکاتەوە، تائێستا نازانرێت چەند لەو کۆچبەرانە کوردن و خەڵکی هەرێمی کوردستانن، ئەو دەنگۆیانەشی باس لە شێواندنی تەرمەکان دەکات ڕەتدەکاتەوە و دڵنیایی دەدات جگە لە پۆلیس و پزیشکی دادی فەرەنسی هیچ کەسێک نەیتوانیوە تەرمەکان ببینێت.
بەپێی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، باڵیۆزخانەی عێراق لە فەرەنسا و نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لەو وڵاتە تاکە دوو لایەنی فەرمین کە بۆ ئەو دۆسیەیە و ناسینەوە و گەڕاندنەوەی تەرمەکان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت لەلایەن حکومەتی فەرەنساوە.