ژنە پەرلەمانتارێكی نیوزلەندی بە بەكارهێنانی پاسكیل خۆی گەیاندە نەخۆشخانەی منداڵان، وەك نمونەی “سیاسییە خۆنەویستەكان” كە نیوزلەندییەكانی پێ جیادەكرێتەوە.
جولی ئان گینتر، پەرلەمانتاری پارتی سەوز لە بەرەبەیانی زووی ئەمڕۆ یەكشەممە هەستی بە ژانی منداڵبوون كرد، بۆیە بە پاسكیلە تایبەتییەكەی، خۆی گەیاندە نەخۆشخانە و لەوێ منداڵەكەی بوو.
پاش چەند كاتژمێرێك، گینتر لە فەیسبووكی خۆیەوە نووسی، “هەواڵی خۆش.. لە كاتژمێر 3:04ی بەیانی پێشوازیمان لە نوێترین ئەندامی خێزانەكەمان كرد”.
بەپێی میدیا ناوخۆییەكان گینتر، كە وتەبێژی پارتەكەیەتی بۆ كاروباری گواستنەوە، لە پوختەی ناساندنیدا لە فەیسبووك دەستەواژەی “پاسكیلەكەمم خۆشدەوێت”ی داناوە، ساڵی 2018ش بۆ لەدایكبوونی یەكەم منداڵی، هەر بە پاسكیل چووەتە نەخۆشخانە.
جێی ئاماژەیە جاسیندا ئەردیرین، سەرۆك وەزیران بووە یەكەم سەرۆك وەزیران لە نیوزلەندا مۆڵەتی دایكایەتی وەربگرێت، هەروەك بووە دووەم سەرۆك وەزیران لە جیهاندا لەكاتی لەئەستۆبوونی پۆستەكەیدا منداڵی ببێت، دوای بێنەزیر بۆتۆ، سەرۆك وەزیرانی كۆچكردووی پاكستان.
ئەردیرین بۆ كۆبوونەوەیەكی نەتەوە یەكگرتووەكان، منداڵەكەی، كە ئەوكات سێ مانگ بوو، لەگەڵ خۆیدا برد.