ته‌ندروستی مارادۆنا تێکچووه‌ و ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ کرا

دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنای ئه‌فسانه‌ی ئه‌رجه‌نتین و جیهان، بارودۆخی ته‌ندروستی تێکچووه‌ و ئه‌مڕۆ، سێشه‌ممه‌ ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌یه‌کی تایبه‌ت له‌ بۆینس ئایرسی پایته‌ختی ئه‌رجه‌نتین کراوه‌.

به‌پێی زانیارییه‌کانی ڕۆژنامه‌ی مارکا، ئه‌فسانه‌ ناوداره‌که‌ وه‌ک خۆپارێزی له‌ ڤایرۆسی کۆرۆنا ماوه‌یه‌که‌ له‌ ماڵه‌که‌ی که‌ره‌نتین کراوه‌، ناوبراو ترسێکی زۆری له‌ تووشبوون به‌ ڤایرۆسه‌که‌ هه‌یه‌ و مانگی ڕابردوو ته‌نها به‌ مه‌به‌ستی یادکردنه‌وه‌ی 60 ساڵه‌ی ته‌مه‌نی له‌ بۆنه‌ گشتییه‌کاندا به‌شداریکردووه‌.

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ناوبراو تووشبووی کۆرۆنا نییه‌، به‌ڵام به‌هۆی خراپی ژه‌مه‌ خۆراک و خواردنه‌وه‌ کحولییه‌کان و به‌کارهێنانی چاره‌سه‌ری قورسه‌وه‌ بارودۆخی ته‌ندروستی تێکچووه‌.

پاڵه‌وانی مۆندیالی 1986 سه‌ره‌تا ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌یه‌ک له‌ بۆینس ئایرس کراوه‌ بۆ ئه‌نجامدانی پشکنینه‌کان، پاشان ده‌گوێزرێته‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌یه‌کی ده‌روونی تاوه‌کو بارودۆخی ده‌روونی و جه‌سته‌یی ئاسایی بکرێته‌وه‌.

له‌م باره‌یه‌وه‌ دکتۆر لیۆپۆڵدۆ لوکی، پزیشکی تایبه‌تی ئه‌فسانه‌که،‌ ده‌ڵێت، ” به‌لایه‌نی که‌مه‌وه‌ ماوه‌ی سێ ڕۆژ له‌ نه‌خۆشخانه‌ ده‌مێنێته‌وه‌، بارودۆخی باش نییه‌ و ئه‌وه‌ش کاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌روونی دروستکردووه‌، ئه‌و دۆخه‌ی تێیکه‌وتووه‌ به‌ دڵی که‌س نییه‌ و ده‌مانه‌وێت یارمه‌تی بده‌ین، کاتی ئه‌وه‌یه‌ یارمه‌تی بده‌ین، دیێگۆ که‌سایه‌تییه‌کی تایبه‌ته‌، هه‌ندێجاریش به‌و شێوه‌یه‌ ده‌رناکه‌وێت، دڵنیام ده‌توانێت هه‌زارجار له‌ ئێستا باشتربێت و سه‌ردانیکردنی نه‌خۆشخانه‌ یارمه‌تی ده‌دات، به‌ڕاستی قورسه‌ مارادۆنا بیت”.

پزیشکه‌که‌ له‌ کۆتاییدا دووپاتیده‌کاته‌وه‌، ئه‌فسانه‌ی زیندووی ئه‌رجه‌نتین تووشی کۆرۆنا نه‌بووه‌، به‌ڵکو ناساغیه‌که‌ی بۆ بابه‌تی دیکه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و ئاماده‌نه‌بووه‌ زانیاری به‌ میدیاکان بدات.

بابەتی پێشتر

كۆرۆنا لە هەرێم.. زیاتر لە 1200 توشبووی نوێ تۆماركرا

بابەتی دواتر

ڕامۆس و مێسی بۆندی خه‌یاڵییان پێشکه‌شکراوه‌‌ و هه‌ڵوێستیان جیاوازه‌

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share