وەزیری پەروەردە: سبەی بڕیار لەسەر دۆخی خوێندن دەدرێت

وەزیری پەروەردەی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، سبەی لە كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای كۆرۆنا دیراسەی دۆخی خوێندن دەكرێت و لەوێ بڕیاری پێویست دەدرێت.

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێم ئەمڕۆ شەممە 31ی تشرینی یەكەم دەربارەی دۆخی خوێندن لە سلێمانی و ڕاپەرین بەهۆی بایكۆتەوە لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەنوسان ڕایگەیاند، هەفتەی ڕابردوو بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی بڕیاریداوە دەوام ئاسایی بكرێتەوە و لەئێستاشدا خوێندكارانی 12ی ئامادەیی لە بەشێكی زۆری خوێندنگاكاندا دەستیان بە خوێندن كردووەتەوە.

سەبارەت بە ئەگەری وەستاندنی خوێندنی ناو هۆڵ بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، ئالان حەمەسەعید وتی، “سبەی كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای كۆرۆنا بەڕێوەدەچێت و تیایدا دیراسەی دۆخی خوێندن دەكرێت و لەوێ بڕیاری پێویست دەدرێت”.

دوپاتیشیكردەوە، پاش هەڵسەنگاندنی دۆخی قوتابخانەكان، لیژنەی باڵا بڕیاردەدات، ئامارەكانی تایبەت توشبووان لە كەرتی خوێندندا لەبەردەستن و نێردراون بۆ وەزارەتی تەندروستی و ئەوان لایەنی پەیوەندیداری پرسەكەن.


وەزیری پەروەردە ئەوەشی خستەڕوو، “تەنها لەناو ناوەندەكان خوێندن توشبوون نییە، بەڵكو لە دەرەوەش هەیە، ئێمەش هەموو قۆناغەكانمان نەبردووەتەوە بۆ هۆڵەكانی خوێندن”.

ئاماژەی بەوەشكرد، گرنگە ئەو پەیامەمان هەبێت و بگات بە دایك و باوكان و خوێندكاران كە پەتای كۆرۆنا كاریگەری لەسەر پڕۆسەی خوێندن دەبێت، ئەوەش كە لەبەرچاودەگیرێت سەلامەتی ژیانی خوێندكاران و مامۆستایانە.

دەربارەی قۆناغی 12ی ئامادەییش ئالان حەمەسەعید وتی، خوێندنی 12ی ئامادەیی چارەنووسازە و ڕێنماییمان داوەتە پەروەردەكان كە وانەكان وەكو خۆیان دەخوێندرێت بەبێ كەمكردنەوە.

بەهۆی دۆخی تایبەت بە كۆرۆناوە، خوێندن لەناو هۆڵەكاندا تەنها بۆ خوێندكارانی قۆناغەكانی 1 و 2ی بنەڕەتی و 12ی ئامادەیی كراونەتەوە و قۆناغەكانی تر وانەكانیان بە ئەلیكترۆنی دەخوێنن، بەڵام بەهۆی دواكەوتن و نەدانی موچەوە مامۆستایان بایكۆتیان ڕاگەیاندووە و بەهۆیەوە پڕۆسەكە بۆ ئەو قۆناغانە لە سنوری سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان وەستاوە.

بابەتی پێشتر

نەجمەدین کەریم کۆچی دوایی کرد

بابەتی دواتر

خەڵکی سەردەشت هەرچیان هەبێت دەیفرۆشن و دەڕۆن بەرەو ئەوروپا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

روفاتی ژنێك لە بیارە دۆزرایەوە

پۆلیسی هەڵەبجە دەڵێت، ئێسکوپروسکی ژنێك لە سنووری ناحیەی بیارە دۆزراوەتەوە و مێژووی گیانلەدەستدانی ژنەكە ئاشكرادەكات. موقەدەم بەرزان عوسمان…
Total
0
Share