تاقیكردنەوەی پاراستنی زەوییە
ناسا كەشتییەكی ئاسمانی دەكێشێت بە هەسارۆچكەیەكدا

توێژەران دەیانەوێت بزانن ئایا دەتوانن ‏ئاراستەكەی بگۆڕن

لە تاقیكردنەوەیەكی ستراتیژیدا بۆ پارێزگاریكردن لە زەوی، ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ‏ئەمریكی (ناسا) پلان بۆ هەڵدانی كەشتییەكی ئاسمانی دادەنێت، تا بیكێشێت بە ‏هەسارۆچكەیەكدا، بەپێی ڕاپۆرتێك كە گۆڤاری نەیچەر-ی زانستی بڵاویكردووەتەوە.‏

هەسارۆچكەكە كە ناسا پلان بۆ بەرپێگرتنی دادەنێت ناوی “دیمۆرفۆس”ــە، مایەی ‏هەڕەشەنییە بۆسەر هەسارەی زەوی، بەڵام توێژەران دەیانەوێت بزانن ئایا دەتوانن ‏ئاراستەكەی بگۆڕن، ئەمەش وەك هەنگاوێكی توێژینەوەیی بۆ ڕێگری و گۆڕینی ‏ئاراستەی هەر هەسارۆچكەیەكی مەترسیدار، كە بە ئاراستەی زەوی بێت.‏

كەشتیی ئاسمانیی دارت

ئاندی ریفكین، زانای هەسارەكان لە زانكۆی جۆنز هۆپكنز لەوبارەیەوە دەڵێت، لە ‏تاقیكردنەوەكەدا “ئەگەرەكانی بوونی تەنێكی گەورەی وا كە لەناوبردنی كێشەبێت بۆمان، ‏هەرچەند ئەگەرێكی لاوازیش بێت”، تاوتوێدەكرێت، ئاماژەی بەوەكرد تاقیكردنەوەكە ‏هاوشێوەی هەنگاوێكی “دڵنیابوونە” بۆ لەناوبردنی ئەو مەترسییانەی دەشێت ڕووبەڕووی ‏هەسارەی زەوی ببێتەوە.‏

نانسی شابوت، زانای تایبەت بە هەسارەكان ئەوەی خستەڕوو، تاقیكردنەوەكە بۆ هەسارەی ‏زەوی بەتەواوی بێ كێشەیە و لە دووریی 11 ملیۆن كیلۆمەتر لە زەوییەوە ڕوودەدات.‏

ئەو كەشتییە ئاسمانییەی بڕیارە لە 23ی ئەم مانگە ڕەوانەی ئاسمان بكرێت ناوی ‏‏(دارت)ــە، دەیەوێت هەردوو هەسارۆچكەی (دیمۆرفۆرس) و (دیدیمۆس) بكاتە ئامانج كە ‏یەكێكیان بە دەوری ئەوی دیكەیاندا دەخولێتەوە و هەردووكیشیان بە دەوری خۆردا ‏دەخولێنەوە.‏

ئەگەر هەڵدانی كەشتیی دارت بە سەركەوتوویی بەڕێوەبچێت، لە مانگەكانی ئەیلول و ‏تشرینی یەكەمی ساڵی داهاتوودا دیمەنی بەركەوتنی بە هەسارۆچكەی (دیمۆرفۆس) بە ‏خێرایی 6.6 كیلۆمەتر لە چركەیەكدا دەبینین.‏

توێژەران پێشبینی دەكەن بەركەوتنەكە ببێتە هۆی كەمكردنەوەی خولانەوەی (دیمۆڤۆرس) ‏و زیادبوونی خێراییەكەی بە 73 چركە زیاتر لەوەی پێشووی.‏

ناسا چاودێریی زیاتر لە 27 هەزار هەسارۆچكە بە دووریی جیاواز لە دەوروبەری ‏هەسارەی زەوی دەكات، كە زۆرینەی ئەوانەی دێنە ناو بەرگە هەوای زەوییەوە پارچە ‏پارچەدەبن و بێ زیان لەسەر زەوی دەكەونەوە، توێژەران دەیانەوێت چارەسەرێك ‏بدۆزنەوە بۆ ڕێگەری لە بەركەوتنی هەسارۆچكە بە زەوی، وەك ئەوەی بەر لە 66 ملیۆن ‏ساڵ ڕوویدا و بووە هۆی لەناوبردنی دایناسۆڕەكان و سەرجەم جۆرەكانی ژیان لەسەر ‏هەسارەكە.‏

بابەتی پێشتر

هۆکارەکانی هەناسەتوندی چین؟

بابەتی دواتر

کوتان بە بەکتریایەکی مردوو گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا کەمدەکاتەوە ‏

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share