بڕیاره ئه‌مڕۆ ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانى كوردستان و سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كان كۆببنه‌وه، حزبه‌كان، لەڕێگەی فراكسیۆنەكانیانەوە، بۆچوونى خۆیان له‌باره‌ى ده‌ستوور، یاساى هه‌ڵبژاردن و پێكهاتەی كۆمسیۆن دەدەنە ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى.
گوڵستان سه‌عید، سه‌رۆكى فراكسیۆنى گۆڕان له په‌رله‌مانى كوردستان به تۆڕی میدیایی ئێستاى ڕاگه‌یاند، ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كان ئه‌مڕۆ كۆبوونه‌وه‌ى دووه‌میان له‌باره‌ى پرسی ده‌ستوور، یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان و پێكهاتەی كۆمسیۆن ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
مەبەستی كۆبوونەوەكەشی ئاشكراكرد، بڕیاره سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كان بۆچوونى حزبه‌كانى خۆیان له‌باره‌ى ئەو پرسانەوە بدەنه ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تی و گفتوگۆی له‌باره‌وه بكه‌ن، تا ئه‌و كه‌موكورتییانه‌ى له یاساى هه‌ڵبژاردن و كۆمسیۆن هه‌یه چاره‌سه‌ر بكرێن.
باسی له‌وه‌شكرد، وه‌كو فراكسیۆنى گۆڕان به‌شداریی كۆبوونه‌وه‌كه ده‌كه‌ن و بۆچوونى خۆیان له‌باره‌ى هه‌رسێ پرسه‌وه به سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان ده‌ده‌ن.
گوڵستان سه‌عید سەبارەت بە بۆچوونى گۆڕان له‌باره‌ى یاسای هه‌ڵبژاردن و كۆمسیۆنه‌وه ئاشكرایكرد، بزوتنه‌وه‌كه له كۆمسیۆندا گۆڕانكاریی ئه‌نجامنه‌درێت و پێكهاته‌كه‌ى وه‌كو خۆی بمێنێته‌وه، ته‌نها شوێنى ئه‌و كۆمسیارانه پڕبكرێته‌وه كه ئێستا پۆسته‌كانیان به به‌تاڵى ماوه‌ته‌وه.
سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان پێشی وایە، “یاساى هه‌ڵبژاردنه‌كان كه حه‌وت جار هه‌مواركراوه‌ته‌وه، هه‌مواری هه‌شته‌میش كه‌لێنه‌كانى نێو یاساكه پڕناكاته‌وه، بۆیه پێویسته یاسایه‌كى دیكه‌ى تایبه‌تمه‌ند ده‌ربكرێت”.
جگە لە هەڵوێستی گۆڕان بۆ دەستكارینەكردنی پێكهاتەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، یەكێتی و زۆربەی لایەنەكانی دیكەش هەمان بۆچوونیان هەیە، جگە لە پارتی.
لە بەرامبەردا پارتی پێی باش نییە یاسای هەڵبژاردن دەستكاریی بكرێت، بەڵام لایەنەكانی دیكە لەگەڵ دەستكاریكردن یان دەركردنی یاسایەكی نوێدان بۆ هەڵبژاردن.
گوڵستان سه‌عید لەبارەی پرسی دەستووریشەوە بە ئێستای ڕاگەیاند، پێدەچێت ئەمڕۆ بڕیار لە كاراكردنەوەی لیژنەی تایبەت بە نووسینەوەی دەستوور بدرێت.