دوای کۆبوونەوەی کۆچبەران لەسەر سنووری پۆڵەندا و رێگریكردن لێیان بۆ تێپەڕبوون، گرژی لەنێوان کۆچبەران و پۆلیسی پۆڵەندا دروستبوو، پۆلیس ناچاربوو بە کوردی هۆشداری بداتە کۆچبەران.
پۆلیسی پۆڵەندا بە زمانی کوردی و بە شێوەزاری کورمانجی داوا لە کۆچبەران دەکەن، بگەرێنەوە و ڕێکارەکانی گەڕانەوە بۆ وڵاتەکانیان لەگەڵ بیلاڕوسیا تەواو بکەن.
ئەمڕۆ چەندینجار پێکدادان لەنێوان پۆلیسی پۆڵەندا و کۆچبەراندا دروستبووە، کۆچبەران بە بەرد هێرشدەکەنە سەر پۆلیسی پۆڵەندا و ئەوانیش بە بۆمبی فرمێسکڕژ و ئاو کۆچبەران دووردەخاتەوە.
وەزارەتی بەرگریی پۆڵەندا کۆچبەران بە “شەڕەنگێز” ناودەهێنت و دەڵێت، “کۆچبەران هۆکاری هەڵگیرسانی گرژی بوون، بەرد و داریان خستووەتە بەردەم ئۆتۆمبێلەکان و بە بەرد لە پۆلیسەکانیان داوە”.
کۆچبەران لە خاڵێکی سنووریی نێوان بیلاڕوسیا – پۆڵەندا کۆبوونەتەوە و داوادەکەن پۆڵەندا هاوکارییان بکات بگەنە ناو خاکی وڵاتانی دیكەی یەکێتیی ئەوروپا، بەڵام حکومەتی پۆڵەندا سوورە لەسەر ڕێگریکردن لە کۆچبەران.