سوپای ئێران رایدەگەیەنێت، تەکنەلۆجیای “ئاشتییانەی” ئەتۆمیی ئێرانی، بە هیچ هێرشێک لەناو ناچێت.
سپای ئێران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، ئەمریکا بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ ئیسرائیل، “تاوانێکی ئاشکرا و بێوێنەی ئەنجامداوە و هێرشێکی سەربازیی نایاسایی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکانی ئێران دەستپێکردووە”.
دەشڵێت، “هێرشەکەی ئەمریکا پێشێلکردنی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمییە، هاوکات پێشێلکردنی بنەما سەرەکییەکانی رێزگرتن لە سەروەریی نیشتمانی و یەکپارچەیی خاکی دەوڵەتەکانە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەمریکا بە بەئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکانی ئێران، خۆی لە هێڵی پێشەوەی دەستدرێژی بۆ سەر ئێران داناوە”.
سوپای ئێران جەختیشدەکاتەوە، “تەکنەلۆجیای ئەتۆمیی ئێرانی بە هیچ هێرشێک لەناوناچێت”.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە، “بڵاوبوونەوەی بنکە ئەمریکییەکان لە ناوچەکەدا خاڵێکی بەهێز نییە، بەڵکو ئەگەری بەرکەوتنیان بە مەترسی زیاتر دەکات. ئێمە شوێنی ئەو فڕۆکانەمان دەستنیشانکردووە کە بەشداربوون لە هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی وڵات و خراونەتە ژێر چاودێرییەوە”.