وەزیری دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا ڕایدەگەیەنێت، یەكێتییەكە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سزا بەسەر بیلاڕوسیا دەسەپێنێت لە پای قەیرانی كۆچبەران، پاش ئەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام پشتیوانیی هەنگاوەكەیان كردووە.
جۆزیف بۆریێل، وەزیری دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا پاش دیداری لەگەڵ وەزیران ڕایگەیاند، سزا نوێیەكان ژمارەیەكی زۆری تاك و پێكهاتەكانی ئەو وڵاتە دەگرێتەوە بەهۆی ڕۆڵیان لە “ئاسانكاری لە تێپەڕاندنی نایاسایی سنوورەكانی یەكێتیی ئەوروپا”.
بەرپرسەكەی ئەوروپا ئاماژەی بەوەشكرد، “لەڕێی فراوانكردنی چێوەی سزاكان دەتوانین ئەو بەرپرسانە بكەینە ئامانج كە كۆچبەرانیان قۆرغكرد”.
بەپێی وتەی دیپلۆماتكاران پێشبینی دەكرێت سزا نوێیەكان نزیكەی 30 بەرپرسی بیلاڕوسیا، كۆمپانیای فڕۆكەوانیی حكومی و ئاژانسەكانی گەشتكرد بگرێتەوە كە تۆمەتبارن بە گەیاندنی كۆچبەران بە سنوورەكان.
سزاكان لەكاتێكدایە هەزاران كۆچبەر، كە زۆرینەیان كورد و خەڵكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن، لەسەر سنوورەكانی ئەو وڵاتە و پۆڵەندا كۆبوونەتەوە و دەیانەوێت بەرەو وڵاتانی دیكەی ئەوروپا بپەڕنەوە.
ڕۆژئاوا ئەلیكساندەر لۆكاشینكۆ، سەرۆكی بیلاڕوسیا بە ڕێكخستنی گرفتەكە تۆمەتباردەكات، وەك وەڵامدانەوەی ئەو سزایانەی ئەوروپا بەسەر وڵاتەكەیدا سەپاندویەتی، بە هاندانی كۆچبەران بۆ گەشتكردن بۆ مینسك و دواتر هاریكاریكردنیان لە گەیشتنە سنوورەكان.
پێشتر برۆكسل فشاریكردەسەر وێستگە سەرەكییەكانی تێپەڕبوون وەك توركیا و دوبەی بۆ هەڵپەساردنی گەشتە ئاسمانییەكانیان بەرەو مینسك، لەپێناو ڕاگرتنی شەپۆلی كۆچبەران.
هەروەك یەكێتییەكە هانی نەتەوە یەكگرتووەكانی دا بۆ دەستێوەردان و پێشكەشكردنی هاریكاری بۆ پیاو و ژن و منداڵان لە سنوورەكانی بیلاڕوسیا.
پێشتر یەكێتیی ئەوروپا 166 كەسی پەیوەندیدار بە ڕژێمی ئەو وڵاتە، لەنێویاندا لۆكاشینكۆ و مناڵەكانی، لە لیستی ڕەش ڕیزبەند كرد بەهۆی هەڵمەتی سەركوتكردنی بەرهەڵسكاران لەدوای هەڵبژاردنە تانەلێدراوەكانی ساڵی ڕابردووەوە.