مەلا بەختیار گەیشتەوە سلێمانی

مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی‌ و بەرژەوەندیی یەكێتی

مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی‌ و بەرژەوەندیی یەكێتی، دوای وەرگرتنی چارەسەر لە دەرەوەی وڵات، گەیشتەوە هەرێمی كوردستان.

كەمێك لەمەوبەر ئەو فڕۆكەیەی مەلا بەختیار گەشتە ئاسمانییەكەی پێكردبوو، گەیشتە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی و لەلایەن ژمارەیەك لە ئەندامان و كادیرانی یەكێتییەوە پێشوازیی لێكرا.

بڕیاریشە لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا مەلا بەختیار قسەی و زانیاریی نوێی هەبێت لەبارەی ژەهرخواردكردنەكەیەوە.

ئەمەش دوای ئەوە دێت لە دوو هەفتەی ڕابردوودا بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر بەهۆی ژەهرخواردكردنەیەوە، ڕووی لە وڵاتی ئەڵمانیا كردبوو.

لە 30ی تشرینی یەكەمی ڕابردوو سەرچاوەیەكی نزیك لە مەلا بەختیار لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند، لە دوو نەخۆشخانەی هەرە پێشكەوتووی ئوردن (الخالدیە) و بەرلین (ڤیڤانتێست) پشكنینی ورد و هەرە زانستیی بۆ كراوە، هەردوو نەخۆشخانەكە سەرەنجامی پشكنینی تایبەتی پۆلیس بۆ ئەم تاوانانە، بە بەڵگەی زانستی سەلمێنراو، دەركەوتووە مەلا بەختیار بە ژەهری (جیوە) دەردەدار كراوە.

دەشڵێت، “لە گەڕانەوەدا، دوای دوو هەفتە، تەواوی بەڵگەكان دەخاتە بەردەم ڕای گشتی‌ و یەكێتی و حزبە تێكۆشەرەكانی كوردستان ‌و عیراق، هەروەها كونسوڵگەریی ‌و سەفارەتەكان”.

سەرچاوەكە لەسەر زاری مەلا بەختیارەوە ئەوەشی خستەڕوو، چاوەڕوانی بەپەلە و دەستبەجێی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای سیاسی‌ و بەرژەوەندیی یەكێتی‌ و مەكتەبی سیاسی دەكات، سەبارەت بەم تاوانە، دوای ئەوەش، سكاڵا لە دادگای كوردستان تۆماردەکات، تەنانەت سكاڵا دەگەیەنێتە دادگای وڵاتێكی ڕۆژئاواش، هەروەها ڕێكخراوە مرۆییەكانی جیهانیشی لێئاگاداردەكاتەوە.

بابەتی پێشتر

فڕۆكەكانی توركیا دوو گوندی سنووری ئامێدییان بۆردومانكرد

بابەتی دواتر

سوپاسی ئەو كەسەی كرد هەوڵەكەی ئاشكراكرد<br> مەلا بەختیار: سبەینێ زانیاریی زیاتر لەبارەی ژەهرخواردكردنمەوە دەخەمەڕوو

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share