خۆپیشاندەران لە هەوڵەكان بۆ چوونە ناوچەی سەوز بەردەوامن

لایەنگرانی ئەو لایەنانەی ناڕازین لە ئەنجامی هەڵبژاردن بەردەوامن لە مانگرتن لە نزیك ناوچەی سەوز

لەلایەن بەشێك لە خۆپیشاندەرانەوە ئەمڕۆ هەوڵێكی دیكە بۆ چوونە ناو ناوچەی سەوزی بەغداد دراوە، وەك ئەوەی سەرچاوەیەكی فەرماندەیی پڕۆسە هاوبەشەكان ئاماژەی پێدەدات.

سایتی ئەلحوڕە لەسەر زاری سەرچاوەكەوە ڕایگەیاند، خۆپیشاندەرانی لایەنگری هێزە سیاسییە ناڕازییەكان لە ئەنجامی هەڵبژاردن چەند هەوڵێكیانداوە بۆ تێپەڕاندنی بەربەستی ئەمنیی دەروازەی “تەختیت” (یەكێك لە دەروازە توندوتۆڵەكانی ناوچەی سەوز) بەمەبەستی چوونەناوەوە.

سەرچاوەكە، كە ناوی ئاشكرانەكراوە، ئەوەشی وت، هێزە ئەمنییەكان، كە بەمدواییە ئەركی پاراستنی ناوچەی سەوزیان پێسپێردراوە، خۆپیشاندەرانیان ناچاری پاشەكشە و گەڕانەوە بۆ شوێنی مانگرتنەكەیان كردووە.

ناوچەی سەوزی بەغداد، كە بارەگای حكومەت و پەرلەمان و ژمارەیەك لە وەزارەت و باڵەخانە هەستیارەكان لەخۆدەگرێت، لەگەڵ چەند ناوچەیەكی دیكەی پایتەخت ماوەی چەند ڕۆژێكە هێزێكی زۆری ئەمنییان تیابڵاوكراوەتەوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە وڵات لە دۆخێكی دژواری سیاسیدایە بەهۆی ئەنجامە سەرەتاییەكانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەران كە لە 10ی تشرینی یەكەمی ڕابردوو ئەنجامدرا و تیایدا گروپەكانی نزیك لە ئێران و سەر بە حەشدی شەعبی دەنگەكانیان بەشێوەیەكی بەرچاو كەمیكرد.

بەرەبەیانی ڕۆژی یەكشەممە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕووبەڕووی هەوڵێكی كوشتن بووەوە دوای ئەوەی لەڕێی فڕۆكەی بێفرۆكەوانی بۆمبڕێژكراوەوە هێرشكرایەسەر شوێنی مانەوە لە بەغداد.

بابەتی پێشتر

جیهان لە ساڵی داهاتوودا ڕووبەڕووی كەمی سرنج دەبێتەوە

بابەتی دواتر

وەفدێکی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدادە.. ئامانجەكەی ئاشكرادەكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share