ئەمشەو، شەممە لە چوارچێوەی ڕوبەڕوبوونەوەکانی هەفتەی هەشتەمی خولی پلە یەکی ئیسپانیا، یانەی ڕیاڵ مەدرید سەرکەوتنی گەورەی بەرانبەر هوێسکا تۆمارکرد.
لە یاریگای دی ستیفانۆ لە مەدرید، ڕیاڵی شاهانە میوانداری هوێسکای کرد و بە ئەنجامی چوار گۆڵ بەرانبەر گۆڵێک بردنەوەی تۆمارکرد.
گۆڵەکانی مێرەنگی لە خولەکەکانی 40 و 45 و 54 و 90 لەلایەن ئیدین هازارد، کەریم بنزیمە (دوو گۆڵ)، فیدریکۆ ڤاڵڤێردیەوە تۆمارکران، تاکە گۆڵەکەی هوێسکاش لە خولەکی 74 لەلایەن داڤید فێرێرۆوە تۆمارکرا.
بەپێی ئەنجامە تۆمارکراوەکەی ئەمشەو، یانەی شاهانە بە کۆکردنەوەی 16 خاڵ لە لوتکەی ڕیزبەندی یانەکانی لالیگا جێگیربوو، لە بەرانبەردا یانەی هوێسکای ڕکابەر بۆ پلەی 18ی ڕیزبەندی و ژێر هێڵی سوور دابەزی.
لەسەر ئاستی تاکە کەسی، کەریم بنزیمەی هێرشبەری فەرەنسی بە تۆمارکردنی دوو گۆڵ، توانی ژمارەی گۆڵە تۆمارکراوەکانی لەم وەرزەی لالیگا بۆ سێ گۆڵ بەرزبکاتەوە، لە ئێستادا لە ڕیزبەندی گۆڵکارانی خولەکەدا دەکەوێتە پلەی شەشەمەوە و تەنها گۆڵێک لەگەڵ پێنج یاریزانی پێشەنگ جیاوازی هەیە.