عەلی ئەكبەر ویلایەتی، گەورە ڕاوێژكاری عەلی خامنەئی، ڕێبەری باڵای شۆرشی ئیسلامی ئێران بۆ كاروباری نێودەوڵەتی بە میدیاكانی ئێرانی وتووە، “ڕشتنی خوێنی سەركردە شەهیدەكانی وەك سولەیمانی و موهەندیس پشتڕاستكردنەوەیەك بوو بۆ ئەو یاسایەی پەرلەمانی عێراق دەری كرد بۆ چونە دەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەو وڵاتە”.
ئەو ڕاوێژكارەی خامنەئی ئەوەشی ڕاگەیاندووە، “دەركردنی ئەمریكییەكان لە عێراق بەها بۆ ناوچەكە و عێراقیش دەگەڕێنێتەوە، چونكە ئەمریكا بەنیازە عێراق دابەش بكات و گومانیش لەوەدا نییە كە میلەتی عێراقی گەورە بەسەر ئەو كێشانەدا سەردەكەوێت”.
هەروەها ویلایەتی ئاماژەی بەوەشكردووە، “هیوایەكی گەورە هەیە كە پشتی بەستووە بە گەنجە عێراقییەكانی باوەڕدار بە شۆڕش و حەشدی شەعبی و بزوتنەوەی بەرگریی ئیسلامی كە سوورن لەسەر بەرژەوەندییەكانی عێراق و بەرگری لێدەكەن”.
ئەو وتانەی ڕاوێژكارەكەی خامنەئی هاوكاتی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاڵۆزییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێرانە و ئەمریكا بە بەردەوامی ئێران تۆمەتبار دەكات كە هێزەكانی لەناو عێراق بە ئامانج دەكات.