دەرچووانی 12 لە هەولێر گردبوونەوە و هێرشیان كرایەسەر

خۆپیشاندانی دەرچووانی 12ی ئامادەیی لە هەولێر و سلێمانی و گەرمیان درێژەی هەیە، خوێندكاران شەقامە سەرەكییەكانیان گرتووە، بەڵام لە هەولێر لەلایەن بەشێك لە شۆفێرانەوە توندوتیژی بەرامبەر خوێندكاران بەكارهێنرا، خوێندكارێكی هەولێر ڕەخنەی لە كاردانەوەی شۆفێرەكان گرت، دەڵێت، “سلێمانی كردیتی و هەولێر خواردیتی”.

لەدوای ڕاگەیاندنی وەرگرتنی ناوی دەرچووانی 12ی ئامادەیی لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، دەركەوت بەشێكی بەرچاوی دەرچووان ناویان نەهاتووەتەوە، بەشێكی دیكەیان بە نمرەی بەرزەوە لەو كۆلێژ و بەشانە ناویان هاتووەتەوە كە لەگەڵ ماندووبوون و نمرە و خواستەكانیان یەكناگرێتەوە.

خوێندكاران دەڵێن، كورسییەكانی وەرگرتن لە زانكۆ و پەیمانگاكان كەمكراوەتەوە، ئەمەش بەهۆكاری ئەو دۆخە دەزانن.

لە هەولێر خوێندكاران لە بەردەم وەزارەتی خوێندنی باڵا گردبوونەوە، دواتر بۆماوەیەك ڕێگای سەرەكیی هەولێر – كەركوكیان داخست، بەڵام لەلایەن بەشێك لە شۆفێرانەوە پەلاماردران و وتەی نەشیاویان بەرامبەر بەكارهێنرا.

كچە خوێندكارێك بە توڕەییەوە بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا دەڵێت، “لێیانداین و جوێنیان پێداین، هەولێر قابیلیەتی، هەرشتێكی بەسەردێت قابیلیەتی، لەبەرئەوە هەموو كاتێك هەر ناعەدالەتییەك كرابێت، سلێمانی كردیتی هەولێر خواردیتی، ئەمە هەقیقەتە”، وەك ئاماژەیەك بۆ بەردەوامیی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان لە سلێمانی.

یەكێكی دیكەیان بۆ تۆڕی میدیایی ئێستای وتی، “بەلاش نییە ئەو حكومەتە وا لەو خەڵكەی دەكا، خەڵكەكە پێی ڕازینە، ئاگات لێبوو چییان لێمان كرد؟ حكومەتەكە شایەنی ئەو خەڵكەیە، لێگەڕێ”.

لە سلێمانیش خۆپیشاندانی خوێندكاران لەبەردەم پارێزگای سلێمانی بەڕێوەچوو، بەهەمان شێوە خۆپیشاندەران شەقامی سەرەكیی دەروازەی شارەكەیان داخست.

خۆپیشاندانی ئەمڕۆی خوێندكاران لە سلێمانی فۆتۆ: بڕیار نامق

لە گەرمیانیش بەشێك لە دەرچووان چوونەتە بەردەم زانكۆی گەرمیان، خوێندكاران داوای چارەسەری ئەو دۆخە دەكەن دروشمەكانی “كورسیی زیادكراو كوا؟” و “بەڵێ بۆ زیادكردنی كورسیی خۆرایی”یان بەرزكردووەتەوە.

بابەتی پێشتر

لێزمەباران و هەورەبروسكە بەڕێوەن.. كەشوهەوای 72 كاتژمێری داهاتوو ئاشكرادەكرێت

بابەتی دواتر

لە ڕووداوێكی تەقەكردندا لە سۆران دوو كەس برینداربوون

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

رێژەی سەوزایی لە سلێمانی 19.6ـە

بەڕێوەبەرایەتیی باخچەکانی سلێمانی رووبەری سەوزایی لە شارەکەدا خستووەتەڕوو و ئاشکرایکردووە، ئێستا رووبەری سەوزایی بووە بە 19.6%. لە راگەیەندراوێکدا…
Total
0
Share