ئەنجومەنی وەزیران: مۆڵەت بدرێتە ئەوانەی ئامادەن سوتەمەنی بە نرخی گونجاو هاوردە بکەن

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد ئاسانکاریی تەواوبکەن و مۆڵەت بدەن بە هەموو ئەو کەس و کۆمپانیایانەی ئامادەن سوتەمەنی بە نرخی گونجاو هاوردەی هەرێم بکەن و بڕیاریشیدا داشکاندن بە ڕێژەی 15٪ی قەرزی کرێی کارەبا بكات بۆ ئەو هاوڵاتییانەی تا کۆتایی ئەمساڵ پارەی سەر ئەستۆیان دەدەن.

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی ئەنجامدا.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی كۆبوونەوەكە لە بڕگەی یەكەمدا ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی کارەبای ڕاسپارد ئامادەسازیی بکەن بۆ باشترکردنی خزمەتگوزاریی کارەبا بۆ هاوڵاتیان لە وەرزی سەرما و کۆنتڕۆڵکردنی بەفیڕۆچوونی کارەبای بەرهەمهاتوو.

هەروەها وەك کارئاسانییەک بۆ هاوڵاتیان لەسەر پێشنیاری ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاریدا بە داشکاندنی ڕێژەی 15٪ی قەرزی کرێی کارەبا و سزادانی دواکەوتن و سەرپێچی کارەبا بۆ ئەو هاوڵاتییانەی تا ڕێککەوتی 2021/12/31 بڕی پارەی پێویست دەدەن کە لەئەستۆیانە، بڕیارەکەش لە 1ی تشرینی دووەمەوە جێبەجێ دەکرێت، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە.

لە بڕگەی دووەمدا ئەنجومەنی وەزیران پشتیوانی لە بڕیارەکانی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا نیشاندا و وەزارەتەکانی ڕاسپارد بە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە، داواش لە هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکات، پابەندبن بە ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان و خۆکوتاندن بە ڤاکسینی دژە کۆرۆنا.

لە كۆتاییشدا کەمال ئەتروشی، وەزیری سامانە سروشتیەکان، باسی لە دوا هەنگاوەکانی وەزارەتەكەی كرد بۆ چارەسەرکردنی بابەتی گرانبوونی نرخی سوتەمەنییەکان لە هەرێمی کوردستان، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و لە بەرامبەردا ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی ڕاسپارد لە هەوڵەکانیان بەردەوام بن بۆ چارەسەری ئەم بابەتە، هەروەها وەزارەتە پەیوەندیدارەکانیشی ڕاسپارد کە ئاسانکاریی تەواوبکەن و مۆڵەت بدەن بۆ ئەو کەس و کۆمپانیایانەی ئامادەن سوتەمەنی بە نرخی گونجاو هاوردەی هەرێم بکەن بە مەرجی پابەندبوون بە پێوەرەکانی کوالێتی سوتەمەنی هاوردەکراو و سەلامەتی و تەندروستیی گشتیی هاوڵاتیان.

سەبارەت بە نەوتی سپیش، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی ڕاسپارد کە هەوڵەکانیان چڕبکەنەوە و پەلەبکەن لە گەیاندنی نەوتی سپی بە ناوچە شاخاویی و ساردەکان پێش هاتنی سەرمای زستان و پەلەکردن لە دابەشکردنی ئەو نەوتە سپییەی ئێستا لە بەردەستی وەزارەتە و لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە کڕدراوە، ئەمە سەرەڕای هەماهەنگيكردن لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵی، هەروەها وەزارەتی دارایی و ئابوریش ڕاسپێردرا بۆ تەرخانکردنی پارەی پێویست، بۆ پشتیوانی دابینکردنی نەوتی سپی تا بە نرخێکی گونجاو بگاتە دەستی هاوڵاتیيان.

بابەتی پێشتر

بافڵ تاڵەبانی: لەناو خەڵکەوە حزبایەتی دەکەینە داینەمۆی پێشخستنی زیاتری ئەزموونەکەمان

بابەتی دواتر

جوتیار عادل: هەنگاوەكانی حكومەت دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی نرخی بەنزین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share