ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە عێراقییەکان دەکات و داوا دەکات حکومەتێکی گشتگیر بەشێوەیەکی ئاشتییانە پێکبهێنن.
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئەنجومەنی ئاسایش سەبارەت بە هەڵبژاردنەی ئەنجومەنی نوێنەران بڵاویکردووەتەوە هاتووە، ” ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاساییش پێشوازی لە ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان دەکەن کە پیشاندەری ئەوەن هەڵبژاردنەکە بەشێوەیەکی ڕێکوپێک بەڕێوەچووە”.
ئاماژە بەوەشکراوە، دەستخۆشی لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکەن بەهۆی ئەوەی توانیویانە هەڵبژاردنەکان بەباشی و سەرکەوتووی ئەنجامبدەن، هەروەها دەستخۆشی لە حکومەت دەکەن بۆ ئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردن و ڕێگریکردن لە دروستبوونی توندوتیژی.
دەستخۆشی لە نوێنەری وڵاتان و یونامی دەکەن کە ڕۆڵیان هەبووە لە سەرکەوتنی پرۆسەکە بەپێشکەشکردنی هاوکارییە هونەری و تەکنیکییەکان و پاڵپشتیکردنی بەشداربوونی ژنان لە هەڵبژاردندا.
ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش، سەرکۆنەی ئەو هەڕەشانە دەکەن کەلەم دواییەدا دژی نوێنەرایەتیی یونامی و ئەندامانی کۆمسیۆن کراون.
داواش لە هەموو لایەنە عێراقییەکان دەکات دانبەخۆیاندا بگرن و پابەندبن بەو ماوە دیاریکراوەی کۆمسیۆن دیاریکردووە و هیواخوازە دوای پشتڕاستکردنەوەی کۆتا ئەنجامی هەڵبژاردنەکان حکومەتێکی گشتگیر بەشێوەیەکی ئاشتییانە پێکبهێنرێت.