نەشوان جەلال، بەرپرسی نووسینگەی نەجمەدین کەریم لە لێدوانێكدا بۆ “تۆڕی میدیایی ئێستا” ئەمڕۆ سێشەممە 27ی تشرینی یەكەم وتی، “ماوەی دوو ڕۆژە تەندروستیی د. نەجمەدین كەریم تێكچووە.”
بەرپرسی نووسینگەی نەجمەدین کەریم پارێزگاری پێشووی كەركوك باسی لە سەرەتاكانی تووشبوونی ناوبراو بە جەڵتەی مێشك كرد و ڕایگەیاند، “22 ڕۆژ بەر لە ئێستا د. نەجمەدین کەریم تووشی جەڵتەی مێشك بووە لە ئەمریکا، بەڵام دواتر تەندروستیی باش بوو بوو.”
بە وتەی نەشوان جەلال، تەندروستیی نەجمەدین كەریم لەم ماوەیەی دواییدا بەڕادەیەك باش بوو بوو، كە “بە تەلەفۆن لەگەڵ زۆربەی سەكردەكانی كورد دا قسەیكردووە، لەوانە بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كۆسرەت ڕەسوڵ عەلی سەرۆكی ئەنجومەنی سیاسی و بەرژەوەندیی یەكێتی، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، جەمیل بایك و ساڵح موسلم و عوسمان بایدەمیر و چەندین كەسایەتی تر.”
بەڵام وەك بەرپرسی نووسینگەكەی ئاشكرایكرد، “ماوەی دوو ڕۆژە تەندروستیی نەجمەدین كەریم تێكچووە و لە واشنتن خراوەتە ژێر چاودێریی چڕی پزیشکییەوە و باری تەندروستیی ناجێگیرە.”