گەشتێكیان لە هۆڵەنداوە بۆ ئیسپانیا پێكردووە.. ژمارەیەك خوێندكار ئۆتۆمبێلێكی ژینگەدۆست دروستدەكەن

ستیلا ڤیتا – Stella Vita

ژمارەیەك خوێندكاری یەكێك لە زانكۆكانی هۆڵەندا كۆتاییان بە گەشتێكی سێ هەزار كیلۆمەتری لە ئەوروپای ڕۆژئاوا هێنا بەو ئۆتۆمبێلەی بە وزەی خۆر كاردەكات و خۆیان دیزاین و دروستكردنەكەیان جێبەجێكردووە.

دیزاینی (ستیلا ڤیتا – Stella Vita) بۆ سەرنشین كراوە، بەڵام چێشتخانە و شوێنی دانیشتن و نوستن و خۆشتنیشی تێدایە.

تەنها بە بەكارهێنانی وزەی خۆر، ئۆتۆمبێلەكە لە ڕۆژێكدا كە خۆر بەدەرەوە بێت دەتوانێت 450 میل (724 كیلۆمەتر) ببرێت، خێراییەكەشی دەگاتە 75 میل (120) كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا، لەگەڵ بەكارهێنان و ئیشپێكردنی تەلەڤزیۆن و لاپتۆب.

ئۆتۆمبێلەكە لە سەقفەكەیدا پانێڵی وزەی خۆر هەیە، كە دەكرێت فراوان بكرێت و هاوشێوەی چەتری لێبكرێت لەكاتی وەستانی ئۆتۆمبێلەكە، ئەمەش بۆ بارگاویكردنەوەی پاترییەكانە بەشێوەیەكی خێراتر و توانای بەرزتر، هەروەك دەكرێت ئۆتۆمبێلەكە لەڕێی دەرچەیەكی كارەباییەوە بارگاوی بكرێتەوە.

تیگن تیر هۆرست (20 ساڵ) یەكێك لە خوێندكارانی زانكۆی ئایندهۆڤن بۆ تەكنەلۆژیا، كە بەشداربوون لە دروستكردنی ئۆتۆمبێلەكەدا دەڵێت، “تەكنەلۆژیا لەبەردەستە، ئەوەی لەسەرمانە تەنها گۆڕینی شێوازی بیركردنەوەمانە، ئەگەر 22 خوێندكار بتوانن دیزان و دروستكردنی ئۆتۆمبێلێكی لەم جۆرە لە تەنها ساڵێكدا ئەنجامبدەن، بەدڵنیاییەوە كۆمپانیاكانیش دەتوانن”.

گەشتی خوێندكارەكان بە ئۆتۆمبێلە ژینگەدۆستەكەیان لە شاری ئایندهۆڤن-ی هۆڵەندی لە 19ی ئەیلولی ڕابردوو دەستیپێكرد و ڕۆژی هەینی لە نزیك گەرووی “گیبلیتار – جبل تارق” لە باشووری ئیسپانیا كۆتایی هات.

گەشتە درێژەكە جۆرێك لە “ئالنگاری” بوو كە خوێندكاران دیارییانكردبوو بۆ سەلماندنی توانای وزەی خۆر، وەك ئەوەی ڕۆژنامەی (گاردیان)ی بەریتانی بڵاویكردووەتەوە.

ئەمە یەكەم ئۆتۆمبێلی وزەی خۆر نییە كە زانكۆكە دروستی كردبێت، بەڵكو بۆ یەكەمجار لە ئاڵنگاریی (بریجستۆن وۆرلد سولار)ی جیهانی لە ساڵی 2013 بەشداریكرد، كە پێشبڕكێیەكە دوو ساڵ جارێك لە ئوسترالیا بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانە ڕێكدەخرێت كە بە وزەی خۆر كاردەكەن.

كارلۆ ڤان دێر فایگەر، ڕێكخەری گروپەكە دەڵێت، “ئەمساڵ پێشبڕكێ نەبوو، بۆیە خوێندكاران ئامانج و ئاڵنگارییەكانیان دیاریكرد” لە ئاماژەیەكدا بۆ دروستكردنی ئۆتۆمبێلە نوێیەكە و ئەو گەشتەی پێیان ئەنجامدا.

بابەتی پێشتر

11 یاریزانی میلان لە یاریكردن دووردەكەونەوە

بابەتی دواتر

لاپۆرتا داهاتووی دێمبیلی و فاتی یەكلاییكردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share