ئەنجومەنی وەزیران پرسی نەوتی سپی و بەنزین تاوتوێدەكات

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان کۆدەبێتەوە و دابینکردنی نەوتی سپی و بەنزین و چەند پرسێکی دیکە تاوتوێ دەکات.

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە، “ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی ئەنجامدەدات.

فەرمانگەكە تەوەرەكانی كۆبوونەوەكەی بەمشێوەیە ئاشكراكردووە :

یەکەم: پەیامی ئەنجومەنی وەزیران بە بۆنەی کۆتاییهاتنی پڕۆسەی دەنگدان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و سوپاسی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم بۆ بەشداریکردنیان لە پڕۆسەکە، هەروەها سوپاسی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ لە دابینکردنی کەشێکی ئارام بۆ دەنگدان، پەیامی ئەنجومەنی وەزیران بۆ یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی لە پێناوی بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان لە بەغداد دوور لە ململانێی ناوخۆیی بە ئاڕاستەی داکۆکی لە مافە دەستوورییەکان.

دووەم: خستنەڕووی ڕاپۆرتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان تایبەت بە جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بۆ دابینکردنی نەوتی سپی و بەنزین بە هەماهەنگی وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ.

سێیەم: خستنەڕووی ڕاپۆرتی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون سەبارەت بە بەرەوپێشچوون و ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە چاکسازی و ڕێکخستنەوەی بواری باج لە هەرێمی کوردستان، کە تیایدا چەند ڕاسپاردەیەک بۆ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان خراونەتەڕوو.

چوارەم: خستنەڕووی پێشنیاری ڕاسپاردنی هەریەک لە بەڕێزان (وەزیری داد، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران) بۆ بەدواداچوونی ئەو داوا یاساییانەی کە لە دادگای باڵای فیدراڵی پەیوەندیدارن بە هەرێمی کوردستان و ئاگادارکردنەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە بەرەوپێشچوون و ئاستەنگەکانی بەردەم ئەم داوایانە.

بابەتی پێشتر

دیێگۆ سیمیۆنی: خەونی كڕینی مێسی سێ كاتژمێری خایاند

بابەتی دواتر

هۆشداری دەدرێتە بەتەمەنەکان لە بەکارهێنانی ئەسپرین.. دەبێتەهۆی خوێنبەربوون

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share