عومەر سەید عەلی: دەنگدان درێژكراوەی خەباتی سەدەیەكی مرۆڤی كوردە

ڕێکخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان دەنگدان بە درێژکراوەی خەباتی سیاسیی زیاتر لە سەدەیەکی مرۆڤی کورد دژی ستەمی نەتەوەیی و داگیرکاری وەسف دەکات، داواش لە خەڵکی کوردستان و ناوچە جێناكۆكەكان دەکات بەشداریی پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن و دەنگ بە هاوپەیمانی کوردستان بدەن.

عومەری سەید عەلی، ڕێكخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند، “لە کۆتایی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقین و لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی نەتەوەیی و نیشتمانی و دیموکراتین بۆ دیاریکردنی چارەنووسی گەلەکەمان بۆ چوار ساڵی داهاتووی عێراق”.

ڕێكخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان داوایكردووە “هەموو ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە بێ دوو دڵی بەشداریی لەم هەڵبژاردنە بکەن و دەنگ بە هاوپەیمانی کوردستان و کاندیدەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بدەن”.

‎عومەر سەید عەلی وتیشی، “ئەم هەڵبژاردنە ‎بۆ دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان و کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان هەم مافە، هەم ئەرکە بۆ پاراستنی دەستکەوتە نەتەوەییەکان، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسی و ئاڵنگارییەکان، بۆ پاراستنی پێگەی نەتەوەیەکی مافخوراو و قوربانیدەر”.

پەرلەمانی عێراقیش بەو شوێنە دەزانێت كە نوێنەرانی کورد دەتوانن داکۆکی لە ماف و دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان بکەن، بۆیە دەڵێت، “دەنگی ئێوە نرخ و بەهایەکی گەورەی هەیە بۆ گۆڕانکاری لە نەخشەی سیاسیی عێراق و متمانەدان بە نوێنەری شایستە و کارامە بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستورییەکانمان”.

عومەر سەید عەلی ڕوو لە دەنگدەری كوردستانی دەڵێت، “دەنگدانی ئێوە درێژکراوەی خەباتی سیاسیی زیاتر لە سەدەیەکی مرۆڤی کوردە دژی ستەمی نەتەوەیی و داگیرکاری، دژ بە جینۆساید و کیمیاباران و شەهید و قوربانیدانی هەزاران کورد لە ڕێگای سەربەخۆیی و سەرفرازیی نەتەوەکەمان لە عێراق”.

دەقی پەیامەکەی عومەرسەید عەلی ڕێکخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان

هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان..

دانیشتوانی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان…

کوردستانیانی دڵ پڕ هیوا..

‎لە کۆتایی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقین، لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی نەتەوەیی و نیشتمانی و دیموکراتین بۆ دیاریکردنی چارەنوسی گەلەکەمان بۆ چوار ساڵی داهاتوی عێراق، لەو سۆنگەیەوە، داوادەکەین هەموتان (ئەوانەی مافی دەنگدانتان هەیە) بێ دوو دڵی بەشداری لەم هەڵبژاردنە بکەن و دەنگ بە هاوپەیمانی کوردستان و کاندیدەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بدەن.

‎وەک لای هەموان ئاشکرایە، هەڵبژاردنی پیشوەختی عێراق بەرهەمی فشاری خۆپیشاندەرانی ناوەڕاست و باشوری عێراقە، کە داوای مافە بنەڕەتیەکانیان دەکرد و لەو پێناوەشدا زیاتر لە (٦٠٠) خۆپیشاندەر گیانیان بەختکرد.

‎بۆ دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان و کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان، دەنگدان هەم مافە و هەم ئەرکە بۆ پاراستنی دەستکەوتە نەتەوەییەکان، بۆ روبەڕوبونەوەی مەترسی و ئاڵنگارییەکان، بۆ پاراستنی پێگەی نەتەوەییەکی مافخوراو و قوربانیدەر، بۆ گۆڕینی ئامرازی خەباتی نەتەوەیی لە شۆڕش و چەکەوە بۆ دەنگ و سندوقەکانی هەڵبژاردن، پەرلەمانی عێراق جێگایەکە کە نوێنەرانی کورد دەتوانن داکۆکی لە ماف و دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان بکەن. کەواتە؛ دەنگی ئێوە نرخ و بەهایەکی گەورەی هەیە بۆ گۆڕانکاری لە نەخشەی سیاسی عێراق و متمانەدان بە نوێنەری شایستە و کارامە بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستورییەکانمان.

دەنگدانی ئێوە درێژکراوەی خەباتی سیاسیی زیاتر لە سەدەیەکی مرۆڤی کوردە دژی ستەمی نەتەوەیی و داگیرکاری، دژ بە جینۆساید و کیمیاباران و شەهید و قوربانیدانی هەزاران کورد لەرێگای سەربەخۆیی و سەرفرازی نەتەوەکەمان لەعێراق.

‎بزوتنەوەکەمان، وەک هێزێکی مەدەنی چاکسازیخواز، بەپێی ئەو ستراتیژەی کە هەمانە جەخت لەسەر ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیتحادی بە ئامانجی دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هاوڵاتیان دەکەینەوە، جەخت لەسەر بەشدارییەکی راستەقینەی کورد لە دەزگای بڕیاردانی سیاسیی عێراق و جێبەجێکردنی دەستور دەکەینەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی خاک و دەسەڵات و سامان جەخت لەسەر جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ و چارەسەرکردنی کێشەکانی پێشمەرگە و بودجە و دابینکردنی موچە بۆ فەرمانبەرانی ھەرێم دەکەینەوە، پێداگیری لەسەر دروستکردنی ئەنجومەنی ئتیحادی و کارکردن بە پرەنسیپەکانی سازان و هاوسەنگی بۆ حوکمڕانی و بەشداریکردن لەکایەی سیاسیی دەکەینەوە، لەو چوارچێوەیەدا، پرۆسەی دەنگدان و خەباتی پەرلەمانی وەک شاڕێگەی پاراستنی دەستکەوتەکانی کورد و، بڕیاردان لە چارەنوسی خەڵکی کوردستان لەرێی ئیرادەی خەڵک دەبینین.

‎بزوتنەوەی گۆڕان، لە چوارچێوەی هاوپەیمانی کوردستان بە دیدی نیشتیمانیەوە نوێنەرایەتی دەکات و دەمانەوێت پارێزەری بەرژەوەندی گشتی کوردستان و دەستکەوتە نەتەوەییەکان بین، لەو راستیەوە، یەکڕیزی لایەنە کوردستانیەکان و یەکخستنی گوتاری کوردستانی لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقی ئیتحادی، کە گوزارشت لە بەدەستهێنانی ئامانجە باڵا نیشتمانییەکان بکات بە پێویست دەزانین. لە ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش داوای دەستورێکی دیموکراتی و مەدەنی دەکەین کە رەنگدانەوەی ماف و داخوازییەکانی کۆمەڵگای کوردستان و پێکھاتەکانی بێت. ھاوکاتیش دەستکردن بە پەیرەوکرنی بەرنامەیەکی نیشتمانی بۆ چاکسازی سیاسیی یاسایی و کارگێڕی و دارایی، بۆ قەڵاچۆکردنی گەندەڵی و باشکردنی بژێوییەکانی ژیانی خەڵک و کەمکردنەوەی مەینەتییەکانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە پێویستیەکی لەپێشینە دەزانین. هەر لەسەر ئەو بنەمایانەش بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ئەم هەڵبژاردنەی عێراق لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان هاوپەیمانی پێکهێناوە.

دەنگدەران و هاوڵاتیانی هەرێم و کوردانی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان..

ژنان و گەنجان و هەمو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان..

‎ئێوەی خۆشەویست دەزانن بزوتنەوەکەتان لەماوەی رابردو و لەمیانی بەشداریکردنی لە پرۆسەی سیاسی چ لە هەرێمی کوردستان و چ لە سەرئاستی عێراق؛ بە کاری نایاسایی و سەفەقاتی ژێربەژێر تێوەنەگلاوە، هەر بۆیە هەڵسوڕاو و گۆڕانخوازان بەدەنگێکی زوڵاڵ و دلێرەوە بانگەشەی هەڵبژاردن دەکەن و داوا لە خەڵک دەکەن دەنگ بە کاندیدەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بدەن، ئێمەش لەو چوارچێوەیەدا داوا دەکەین لە دەنگدەران و خەڵکی بە ئەمەکی کوردستان لە هەرشوێنێکی عێراقن؛ بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن و دەنگتان بۆ هاوپەیمانی کوردستان و کاندیدەکانی بێت. دەنگتان بۆ کاندیدەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بێت کە شایستە و خاوەن پسپۆرین و، خەڵکی سنورەکەی خۆتان و لەناو خەم و کێشەکانی جەماوەر گەورە بوون.

هەڵسوڕاو و گۆرانخوازانی بە هەڵوێست..

‎بزوتنەوەی گۆڕان لەم هەڵبژاردنە چارەنوسسازەدا؛ پێویستی بە هیمەت و کۆششی زیاتری ئێوەیە بۆ هاندانی هاوڵاتیان بەمەبەستی بەشداریکردن لە هەڵبژاردن و دەنگدان بە کاندیدەکانمان، ئەم رۆڵە گرنگەی ئێوە دەبێتە بەردی بناغەی بەهێزکردنی پڕۆژەی سیاسیی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا و پاراستنی بزوتنەوەی گۆڕان؛ کە بوونی سەنگەرێکی پتەوە بۆ خەباتی مەدەنی و پەرلەمانی و بەهێزبوونەوەی پێگەو سەنگی خەڵک لە هاوکێشەی سیاسیی هەرێم و عێراق.

‎پێویستە ئەوەش بڵێین، بزوتنەوەی گۆران پڕۆژەیەکی نیشتیمانیە و هی هەمو ئەو خەڵکە دڵسۆزەیە رۆژێک لە رۆژان پشتیوانی کردووین، پڕۆژەیەکە لە پێناو سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی سیاسیی و گەیشتن بە ئامانج و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان لە خەباتدایە، هەربۆیە پێویستمان بە هەمووتانە و گۆڕانیش هی هەموانە..

‎لە کۆتایدا، پشت بە ئیرادەی بەهێزی میللەتەکەمان و گۆڕانخوازان سەردەکەوین…

27 جار خوێندراوەتەوە

زۆرترین خوێندراو

24 کاتژمێرهەفتەمانگ

01

وێنە؛ لە بنکەیەکی هەولێر دەنگدان ڕاگیرا

8/10/2021

02

لە عێراق دوو رۆژ و لە هەرێمی کوردستانیش یەک رۆژ کرایە پشوو

7/10/2021

03

رێکخراوی تەندروستی جیهانی پلانی ڤاکسینکردن ئاشکرا دەکات

8/10/2021

04

دواین زانیاری لەبارەی داخستنی فڕۆکەخانە و دەروازە سنورییەکان

7/10/2021

05

دیجیتاڵ میدیای (KNN) کێشەی بنکەکانی دەنگدان ئاشکرا دەکات

8/10/2021

بابەتی پێشتر

دەنگدانی تایبەت لە هەرێم.. تا ئێستا ڕێژەی بەشداری لە هەولێر كەمترین و لە دهۆك و سلێمانی زۆرترینە

بابەتی دواتر

کۆمسیۆن: ئەنجامەکانی دەنگدانی تایبەت لەگەڵ دەنگدانی گشتی ڕادەگەیەنرێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

پێنج راوچی دەستگیرکران

لە سنوورى چەمچەماڵ پێنج راوچى دەستگیرکران. بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دواى ئەوەى لەلایەن…
Total
0
Share