خاوەنی كۆمپانیای سامسۆنگ كۆچی دواییكرد

لی كۆن، خاوەنی كۆمپانیای سامسۆنگ

جەمسەری پەیوەندییەكانی كۆریای باشوور (لی كۆن)، كە كۆمپانیای سامسۆنگی لە لاساییكردنەوەی دروستكردنی ئامێرەوە بۆ گەورەترین بەرهەمهێنی مۆبایلی زیرەك و تەلەفزیۆن و میمۆری لەجیهاندا گۆڕی، گیانی لەدەستدا.

كۆمپانیاكەی لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، لی ئەمڕۆ یەكشەممە 25ی تشرینی یەكەم گیانی لەدەستداوە، بڕیاریشە خێزانەكەی مەراسیمی تایبەتی پرسەی بۆ ئەنجامبدەن.

دەوڵەمەندترینی كۆریای باشوور
لەهەوڵیدا بۆ داهێنان و تێپەڕاندنی كێبڕكێكارانی، لی داوای لە فەرمانبەرانی كرد “هەموو شتێك بگۆڕن جگە لە هاوسەر و منداڵەكانتان”.

بەپێی تۆماری تایبەتی سایتی بلومبێرگ تایبەت بە ملیاردێرەكان، لی دەوڵەمەندترین كەسی كۆریای باشوورە بە سەروەتی نزیكەی 20.7 ملیار دۆلار، هەروەك بەهای كۆمپانیاكەی دەگاتە نزیكەی 300 ملیار دۆلار.

سامسۆنگ كە لە ناوخۆدا بە چایبول ناسراوە، گەورەترین كۆمەڵەی پیشەسازییە كە لەلایەن خێزانەوە لە كۆریا بەڕێوەببرێت، هەر ئەویش هۆكار بووە بۆ بەرزبوونەوەی كۆریای باشوور بۆ نێو شانۆی ئابوریی جیهانی.

پاش مردنی لی، بڕیارە كاروبارەكانی لەلایەن (جای وای لی) تاكە كوڕەكەیەوە بەڕێوەببرێت، كە بە كردەیی لەدوای چوونی باوكیەوە بۆ نەخۆشخانە لە ساڵی 2014 ئەو ئەركەی گرتووەتەدەست.

خاوەنی ڕوانینێكی ڕاستەقینە
كۆمپانیای سامسۆنگ ڕایگەیاند، “لی، سەرۆكی ئەنجومەنی ئیدارە، خاوەن ڕوانینێكی ڕاستەقینە بوو، سامسۆنگی لە كۆمپانیایەكی ناوخۆییەوە بۆ كۆمپانیایەكی پێشەنگی جیهانی لە بواری داهێنان و هێزی پیشەسازی گۆڕی”.

جگە لە مۆبایلی گالاكسی، سامسۆنگ ئامێری پەیوەندی (Semiconductor) بۆ سەنتەری زانیارییەكانی گۆگڵ و مۆبایلەكانی ئەپڵ (ئایفۆن) دابیندەكات، سەرەڕای ئەوەی دروستكەری پێشكەوتوترین جۆرەكانی شاشەیە تایبەت بە ئامێرەكانی تەلەفزیۆن و كۆمپیوتەر و ئامێرەكانی دیكە.

لی وەك یەكێك لە زیاتر لە 100 كەسی خاوەن دەسەڵات لە جیهاندا لە ساڵی 2005 لەلایەن گۆڤاری تایمەوە دیاریكرا، توانی چاكسازی لە كۆمپانیای سامسۆنگ بۆ ئەلیكترۆنیات-دا بكات دوای ئەوەی بینی بەرهەمەكانی كۆمپانیاكەی لە یەكێك لە كۆگاكانی كەلوپەلە ئەلیكترۆنییەكان لە لۆس ئەنجلۆس تۆزی لەسەر نیشتووە.

ڕاگەیاندنی فرانكفۆڕت
گۆڕینی كۆمپانیاكە لە ساڵی 1993 دەستیپێكرد دوای ئەوەی لی گەورە بەرپرسانی جێبەجێكاری لە ئەڵمانیا كۆكردەوە و پلانێكی دانا، كە بە ڕاگەیاندنی فرانكفۆڕت دەناسرێت، بۆ گۆڕینی سامسۆنگ لە دروستكەری تەلەفزیۆنی پلە دووەوە بۆ كۆمپانیایەكی پێشەنگی بوارەكە، كە ئەركی كۆمپانیا نوێیەكە بووە دروستكەری بەرهەمی كوالێتی بەرز، تەنانەت ئەگەر ببێتە هۆی كەمبوونەوەی فرۆشیش.

سامسۆنگ بووە گەورەترین دروستكەری میمۆری كۆمپیوتەر لە جیهاندا لە ساڵی 1992دا، كە هەمان ساڵە تیایدا بووە یەكەم كۆمپانیا كە گەشە بە (DRAM) بدات بە توانای 64 میگابایت، وەك ئەوەی كۆمپانیاكە بڵاویكردوەتەوە.

زانیاری كەسی
لی لە 9ی كانونی دووەمی 1942 لە دیجۆ بە دووری 240 كیلۆمەتر لە باشووری سیئۆل لەدایكبووە، لە ساڵی 1938 باوكی (لی بیۆنگ چول) دوكانێكی تایبەت بە بەقاڵی لە چوار نهۆم لە دایجۆ كردەوە كە دواتر شوێنەكە بووە كۆمەڵەی سامسۆنگ.

بە پلەی زانستی لە ئابوریی زانكۆی واسیدا لە تۆكیۆ دەرچووە، ئیدارەی كاری لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە زانكۆی جۆرج واشنتن خوێندووە.

شۆڕشی ڕۆشنبیری
لە ساڵی 1955 دوو هەزار كرێكاری كۆكردەوە بۆ تەماشاكردنی كاتێك ئاگری لە 150 هەزار مۆبایل و ئامێری فاكس و بەرهەمی تری كۆمپانیاكەی بەردا، بەهۆی ئەوەی ئەو كوالێتییەی نەبووە كە ئەو خواستی لەسەر بووە.

ئەم گۆڕانكارییە لە بیركردنەوەدا كە لی پێی هەستا ئەنجامی لێكەوتەوە. بەجۆرێك سامسۆنگ پێش كۆمپانیای سۆنی كەوت كە بارەگاكەی لە تۆكیۆیە، تا ئەوەی بووە گەورەترین فرۆشیاری ئامێری تەلەفزیۆنی شاشە تەخت لە ساڵی 2006دا، كە هەمان ساڵە تیایدا بەهای كۆمپانیاكەی لە بازاڕدا 100 ملیار دۆلاری تێپەڕاند.

لە ساڵی 2010دا كۆمپانیای سامسۆنگ مۆبایلی زیرەكی گالاكسی خستەڕوو، كە بە سیستمی ئەندرۆیدی سەر بە كۆمپانیای ئەڵفابێت كاردەكات، كە وایكرد لە ساڵی داهاتوودا كۆمپانیای ئەپڵ تێبپەڕێنێت وەك گەورەترین دروستكەری مۆبایلی زیرەك لە جیهاندا لەڕووی ژمارەی فرۆشتنەوە.

بابەتی پێشتر

ئەندامێكی فراكسیۆنی گۆڕان بەتۆمەتی ساختەكاری دەستبەسەركراوە

بابەتی دواتر

سەدر داوای كۆتایی پێهێنان بە خۆپیشاندانەكان دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share