پەیمانگای عێراقی بۆ پاراستنی شوێنەوار و کەلەپوور ئاشكرای دەكات، گەورەترین پەلامار و دزینی پارچە شوێنەوارییەكان لە عێراق لە ساڵی 2003 ڕویداوە كە بە دەیان هەزار پارچە دزراون.
عەبدوڵا خورشید، بەڕێوبەری پەیمانگای عێراقی بۆ پاراستنی شوێنەوار و کەلەپوور ڕایگەیاند، “لە ساڵی 2003دا گەورەترین پەلامار و دزینی پارچە شوێنەوار لە مۆزەخانەکانی عێراق ڕویدا کە 15 هەزار پارچە شوێنەوار لەمیانی 36 کاتژمێردا دزران”.
“داعش ساڵانە نزیكهی 100 ملیۆن دۆلاری دەستدەکەوت”
بەرێوبەری ئەو پەیمانگا عێراقییە ئاماژه بهوهش دهكات، لەدوای ساڵی 2014وە نزیکەی هەزار و 600 ناوچەی شوێنەواری کەوتە ژێر دەستی داعش له باكووری ڕۆژئاوای عێراق و “داعش ساڵانە نزیكهی 100 ملیۆن دۆلاری دەستدەکەوت لە فرۆشتنی پارچە شوێنەوارەكان”، ئاشكرایشی كرد، 7 ههزار پارچه شوێنهواری عێراق له بەریتانیا ههن کە له ساڵی 1976ەوە به مهبهستی توێژینهوه نێردراونهته بەریتانیا و حكومهتی بەریتانیا بهنیازه له سهرهتای ساڵی داهاتووهوه، 5 ههزاریان بگهڕێنێتهوه عێراق.
عەبدوڵا خورشید ئەوەشی خستوەتەڕوو، ”عێراق شوێنەواری زۆری تێدایە و شارستانییەت لە عێراق سەریهەڵداوە کە لە سەرەتا لە ئەشکەوتی شانەدەر بووە لە قەزای مێرگەسوور سەربە پارێزگای هەولێر کە تەمەنی بۆ 65 بۆ 70 هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە، دواتر شارستانییەت لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق سەری هەڵدا و لەوێ شارستانییەتێک بەناوی سۆمەری دروست دەبێت و دواتر شارستانییەتی ئەکەدی و ئەوانی دیکە دروست بوون تا دەگاتە سەردەمی ئیسلام.
لەسەرەتای سەدەی بیست، وڵاتان و مۆزەخانەکانی جیهان ڕوویان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرد بە تایبەت عێراق کە دەیانزانی شوێنێکە دەتوانن پارچەی شوێنەواری لێ کۆبکهنەوە و دەیانبردەوە بۆ مۆزەخانەکانی وڵاتانی خۆیان، دواتر لە ساڵی 1936 یاسای شوێنەواری عێراق دامەزرا کە سنوورێکی بۆ ئەم بابەتە دانا و دواتر شەڕ و ئاڵۆزییەکان وایانکرد کە کنەکردن و ڕووپێو بۆ شوێنەوار کەمبێتەوە، عێراق ئەو کارانەی کە تیایدا کراوە 10% بووە و 90%ی شوێنەوارەکان تا ئێستاش لەژێر زەویدان، وەك بەڕێوبەری پەیمانگای عێراقی بۆ پاراستنی شوێنەوار و کەلەپوور باسی لێكردوون.
ئەوەشی وتووە، “ئەوەی کە هەیە دەتوانین بڵێن بە هەزاران پارچەی شوێنەوار بوون کە لە مۆزەخانەکانی عێراق پارێزراو بوون، شەڕی عێراق و ئێران، دواتریش شەڕی کوەیت دۆخی ئەمنیی ناوچەکەی تێکدا و بووە دەرفەتێک بۆ ئەوەی خەڵک زۆر بەئاسانی ئەو پارچە شوێنەوارانە بدەن بەو باندانەی کە کاری قاچاخچێتی دەکەن و بیانبەن بۆ دەرەوەی وڵات”.
لەدوای ساڵی 2003وە عێراق لە ماوەی ئەو 17 ساڵەدا توانی تەنها نیوەی ئەو پارچە شوێنەوارە دزراوانە بگەڕێنێتەوە.
ههفتهی ڕابردوو، مستهفا كازمی، سهرۆكوهزیرانی عێراق سهردانی بەریتانیای كرد و یهكێك له تهوهرهكان باسكردن بوو لهو پارچه شوێنهوارانەی عێراق لهو وڵاتە و بڕیاره له سهرهتای ساڵی داهاتووهوه 5 ههزار پارچه شوێنهوار بگهڕێنێتهوه بۆ عێراق.
بەڕێوەبەری پەیمانگای عێراقی بۆ پاراستنی شوێنەوار و کەلەپوور پێیوایە کە عێراق له دۆخێكی ئهمنیی ناسهقامگیردایه و پاراستنی شوێنهوار سهخته.
ژمارەی شوێنەوارەكان لە كوردستان
عەبدوڵا خورشید ئەوەیشی خستەڕوو کە لە کوردستان 3 هەزار و 150 شوێنەوار دەستنیشانکراون و بەم دواییە چەند تیمێکی بیانی هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و توانیوویانە 8 هەزار ناوچەی شوێنەواری دەستنیشان بکەن.
ئاماژەی بەوەشكرد، “کوردستان لانکەی شارستانییەتە و گرنگترینیان ئەشکەوتی شانەدەر و ئەشکەوتەکانی دیکەی وەک هەزارمێرد، لە کوردستان 3 هەزار و 150 ناوچەی شوێنەواری تۆمارکراون لە ساڵانی 1970، بەڵام بەم دواییانە دەتوانم بڵیم زیاتر لە 50 تیم کە لە کوردستان کاریان دەکرد و ئەو کارانەی کە کردوویانە ڕووپێوی شوێنەوارین و مەزەندە دەکرێت ئێستا 8 هەزار ناوچەی شوێنەواری هەبێت و پێویستیی بە لێکۆڵینەوە هەیە”.