هەڵەبجە لە یاسای هەڵبژاردنەكان نازناوی پارێزگای لێسەندراوەتەوە

یاسای ژمارە یەكی ساڵی 2015ە كە لە پەرلەمانی كوردستانەوە دەرچوو، هەڵەبجەی وەك پارێزگایەك لەڕووی ئیدارییەوە ڕاگەیاند، حكومەتی عێراقیش لە پرسی پاسپۆرت و ڕەگەزنامە و تابلۆی ئۆتۆمبێل وەك پارێزگای ژمارە 19ی عێراق مامەڵەی لەگەڵدا كردووە، بەڵام لە هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق، هەڵەبجە وەك پارێزگایەك تەماشا نەكراوە و ئەو نازناوەی لێسەندراوە.

دوێنێ شەممە 24ی تشرینی یەكەم، پەرلەمانی عێراق دابەشكاریی بازنەكانی هەڵبژاردنی 16 پارێزگای یەكلا كردەوە بە سێ پارێزگای هەرێمی كوردستانیشەوە “هەولێر، سلێمانی و دهۆك”، هەڵەبجە وەك شارێك-ی سەر بە پارێزگای سلێمانی مامەڵەی لەگەڵدا كراوە و كەوتووەتە ناو بازنەی سلێمانییەوە.

ڕۆڵی پەرلەمانتارە  كوردەكان لەو پرسەدا

بەهار مەحمود، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “بەڕاستی ئێمە نەك تەنها تایبەت بە هەڵەبجە بەڵكو گلەییمان لە شێوازی كاركردنەكەی سەرۆكی پەرلەمان هەبوو بۆیە نەچوینە كۆبوونەوەوە و دەنگمان بە دابەشكاریی بازنەكان نەدا”.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستەڕوو، “بە دڵنیاییەوە حساب نەكردنی هەڵەبجە وەك پارێزگایەكی سەربەخۆ نایاساییە، بەڵام بۆ پرسی بازنەكانی سەرۆكی پەرلەمان خۆی و سەرۆكی ئەو كوتلانە كۆبوونەوە كە كورسییەكانیان زۆرە و لەسەرووی 20 كورسییەوە و بڕیاریان لەبارەوە دا”.

ئەو پەرلەمانتارە كوردەی لیژنەی یاسایی دەڵێت، “یەكێتی و پارتی لەو كۆبوونەوەیە بەشداربوون و لەوان بپرسن بۆ هەڵەبجە نەكراوە بە پارێزگایەكی جیا لە یاساكەدا”.

هۆكاری چی بوو هەڵەبجە وەك پارێزگایەك هەژمار نەكرا؟
ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “لەبەر دوو هۆكار حسابی پارێزگا نەكرا بۆ هەڵەبجە، یەكەمیان ئەوە بوو پشت بە داتاكانی ساڵی 2010ی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بەسترا، دووەمیشیان ئەوە بوو لەدواییدا ئێمەی كورد و بەتایبەت فراكسیۆنی یەكێتی لەسەر ئەوە ڕازی بووین كە سلێمانی وەك خۆی بمێنێتەوە”.

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی ئەوەشی ئاشكراكرد، وەك لایەنە كوردییەكان فشاریان كردووە بۆ ئەوەی هەڵەبجە پارێزگایەكی سەربەخۆ بێت بەڵام هەوڵەكانیان سەركەوتوو نەبوو.

ڤیان سەبری هۆكاری پشتبەستنی پەرلەمان بە داتاكانی ساڵی 2010ی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، دابەشكاریی كورسییەكانی پەرلەمانی عێراقی لەسەر ئەنجامدراوە.

پارێزگاری هەڵەبجە: لە هەوڵداین و ئومێدمان هەیە
ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە لە لێدوانێكی تایبەتیدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “هەڵەبجە لەلای دەوڵەتی عێراقی تا ئێستا 100% پارێزگا نییە، بەڵكو 50 بۆ 60% پارێزگایە، بۆیە ئێمە بۆ ئەو مەبەستە یاداشتێكمان بە مستەفا كازمی داوە، هەروەها یاداشتێكیشمان دا بە سەجەم فراكسیۆنە كوردییەكان لە هەڵەبجە پێمان وتن ئەركی پەرلەمانیی ئەوانە كە لۆبیمان لای كلدان و ئاشوری و مەسیحی و توركمان و عەرەبەكان بۆ بكەن”.

پارێزگاری هەڵەبجە ئەوەشی خستەڕوو، “خۆشبەختانە سەرجەم فراكسیۆنەكان لەسەر خەمی هەڵەبجە یەك دەنگن، بەڵام پێموایە كەوتووەتە ناو هەندێك موزایەداتی سیاییەوە بۆیە دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی عێراق لەسەر خەت بن بۆ ئەوەی هەڵەبجە بكەن بە پارێزگایەكی سەربەخۆ و بازنە و كورسیی تایبەت بەخۆی هەبێت”.

ئازاد تۆفیق ئەوەشی وت، “لە هەوڵداین و ئەگەر كێرڤی كێشەكانی نێوان بەغداد و هەرێم بەرزبێتەوە لە قازانجمان نییە بەڵام نزم بێتەوە لە قازانجمانە و ئیشی تیا دەكەین و ئومێدەوارین سەر بگرێت”.


پارێزگای هەڵەبجە وەك قەزایەك لەنێو پارێزگای سلێمانی
سلیمانی دابەشکراوە بەسەر پێنج بازنەدا، بازنەی باکووری سلێمانی و شارباژێڕ و ماوەت چوار کورسی، باشووری سلێمانی و قەرەداغ سێ کورسی، بازنەی ھەڵەبجە و سەید سادق و شارەزور سێ کورسی، پشدەر و ڕانیە و دوکان چوار کورسی، بازنەی کەلار و دەربەندیخان و کفری و چەمچەماڵ و بەشێک لە خانەقین چوار کورسی.

داواكاریی 51 پەرلەمانتارەكەی كوردستان گوێی لێنەگیرا
لە 11ی تشرینی یەكەم، 51 پەرلەمانتاری فراکسیۆنە جیا جیاکانی پەرلەمانی کوردستان لەسەر یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق داوایەکیان ئاڕاستەی پەرلەمانی عێراق كرد و ڕەخنەیان لەوە گرت كە پارێزگای هەلەبجە ناوی وەك پارێزگایەكی سەربەخۆ نەهێندراوە.

لەو یاداشتەیاندا پەرلەمانتارانی كوردستان ڕایانگەیاندبوو، “لە یاسای هەڵبژاردنەکاندا پارێزگای هەڵەبجە وەک بازنەی سەربەخۆ ناوی نەهێندراوە و ئەوەش دیسانەوە کێشەیەکی گەورە بۆ کورد دروست دەکات لە هەڵبژاردنی ساڵی داهاتوودا”.

ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ ئاماژەیان بەوەشكرد، “ئێمە ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران لە پەرلەمانى کوردستان داوا لە بەڕێزتان دەکەین کە هەموارى ئەو پێشنیازەى ڕۆژى 10تشرینی یەكەم بکەنەوە و ئەو مافە دەستورى و یاساییە بگەرێننەوە و هەڵەبجەش وەک پارێزگایەکى سەربەخۆ ئەژماربکەنەوە و بیکەنە خاوەن بازنەیەکى هەڵبژاردنى سەربەخۆى خۆى”.

بابەتی پێشتر

پەرلەمانی كوردستان پرساندنی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەڵامەكانیان تاووتوێدەكات

بابەتی دواتر

کاکە مەم بۆتانی، ئەستێرەیەکی دیکەی ئەدەبی کوردی کشا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

خولی بەهارەی پەرلەمان دەستپێدەكات.. هەمواری یاسای هەڵبژاردن پرسی سەرەكیی ‏چاوەڕوانكراوە

جارێكى دیكه‌ دانیشتنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌ستپێده‌كه‌نه‌وه‌ و هەمواری یاسای هەڵبژاردن پرسی سەرەكیی ‏چاوەڕوانكراوە، سه‌رۆكی په‌رله‌مانیش بانگهێشتی په‌رله‌مانتاران ده‌كات…
Total
0
Share