کازمی: ڕێگە بە دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکان نادەین

مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق گرتنەبەری ڕێوشوێنی ئەمنیی چڕ دووپاتدەكاتەوە بە ئامانجی بەرگرتن لە دەستوەردان لە پرۆسەی ھەڵبژاردنەکاندا، داواش لە سەرجەم وەزیرەكانی كابینەكەی دەكات تا دواساتەکانی کابینەی حکومەت بەردەوامبن لە کارکردن.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، مستەفا کازمی دوێنێ سەردانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی کردووە، کە لە میانیدا بۆ پێنجەم جار ئامێرەکانی دەنگدان تاقیکراوەنەتەوە.

کازمی ڕایگەیاندووە، “ئەوە بۆ یەکەمجارە لە عێراق، پێنج جار ئامێرەکانی دەنگدان تاقیبکرێنەوە، پرۆسەکەش سەرکەوتووبوو”.

مستەفا کازمی جەختی کردووەتەوە، ھەوڵی زۆریانداوە لەپێناو ئەوەی ھەڵبژاردنەکان دەرفەتێک بێت بۆ ڕکابەرییەکی دادپەروەرانە و پاک و بێگەرد، بۆ ئەو مەبەستەش ڕێوشوێنی ئەمنیی چڕیان گرتووەتەبەر بە ئامانجی بەرگرتن لە دەستوەردان لە پرۆسەی ھەڵبژاردنەکاندا.

سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕاشیگەیاندووە، سەرجەم پێداویستییەکانیان بۆ کۆمسیۆن و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان دابینکردووە بۆ ئەوەی بتوانن ئەرکەکانیان بە ئامانجی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی ئاشتییانە و پاک و بێگەرد جێبەجێ بکەن.

پێشی وایە، “بۆ بونیادنانی عێراقێکی سەقامگیر و گەشەسەندوو ھیچ بژاردەیەکی دیکەمان نییە جگە لە سندوقەکانی دەنگدان”، بۆیە دووپاتیكردووەتەوە، “لەبەردەم ھەر ھەوڵێک دەوەستینەوە ئەگەر بۆ دروستکردنی کاریگەریی لەسەر دەنگدەران بدرێت”.

بابەتی پێشتر

توێژینەوەیەكی نوێ: ڤاكسینی فایزەر 90% كاریگەریی هەیە

بابەتی دواتر

سێ زانای فیزیایی خەڵاتی نۆبڵیان پێبەخشرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share