ئەمڕۆ كۆنگرێس گوێ لە ژنەكارمەندەكەی پێشووی فەیسبووك دەگرێت

فرانسیس هاوگن لەكاتی بەشداریكردنی لە بەرنامە تەلەڤزیۆنییەكە

بڕیارە ئەمڕۆ ئەو ژنەكارمەندەی چەند نهێنییەكی لەبارەی شێوازی كاری فەیسبووك و ئینستگرام و كاریگەرییە نەرێنییەكانیان ئاشكراكرد، لە كۆنگرێسی ئەمریكا ڕوونكردنەوە بدات.

ڕۆژی یەكشەممەی ڕابردوو ژنەكارمەندێكی پێشووی فەیسبووك بەناوی “فرانسیس هاوگن”، چەند نهێنییەكی كۆمپانیاكەی ئاشكراكرد، بەوەی بەكارهێنەرانی بەلاوە گرنگ نییە و هیچ ڕێگرییەكی ئەوتۆ ناكات بەرامبەر گوتارە ڕقاوی و توندەكان.

ژنەكارمەندەكە قسەی بۆ بەرنامەی (60 خولەك)ی بەناوبانگ كرد، كاریگەرییەكانی فەیسبووكی لەسەر خەڵك و بەتایبەت گەنجان بە “ژەهراوی” ناوبرد، نەك هەر ئەوە، بەڵكو باسیشی لە كاریگەرییە خراپەكانی ئینستگرام كرد (كە خاوەندارێتییەكەی دەگەڕێتەوە بۆ فەیسبووك) و وتی، بەرپرسانی ئەو دوو پلاتفۆڕمە درك بەو كاریگەرییانە دەكەن، بەڵام لەبەر قازانجی دارایی هیچ هەنگاوێك نانێن.

ئەو قسانەی ژنەكارمەندەكە لەبارەی پلاتفۆڕمەكانی فەیسبووك و ئینستگرام كۆنگرێسی ئەمریكای هێنایە دەنگ، دەیانەوێت لەو بارەیەوە لیكۆڵینەوە بكەن.

بۆیە بڕیارە هاوگن ئەمڕۆ بچێتە كۆنگرێس و لەبارەی ئەو كاریگەرییە نەرێنییانەی لە بەرنامەكەدا و لەسەر شاشەی تەلەڤزیۆن باسی كردن، ڕوونكردنەوە بە كۆنگرێس بدات.

دیار نییە بەدواداچوونەكانی كۆنگرێس دەگەنە ئەگەر كردنەوەی دۆسیەی تایبەت بەو پرسە یان نا.

ئەگەری دۆسیە و بەدواداچوون بۆ شێوازی كاری فەیسبووك و ئینستگرام لەكاتێكدایە، دوێنێ تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك، ئینستگرام و وەتسئەپ بەیەكەوە لەكاركەوتن، لەكاركەوتنەكە بۆ ماوەیەكی كاتی بوو و دواتر خزمەتگوزارییەكە گەڕایەوە.

لەكاركەوتنە كاتییەكە لێكدانەوەی زۆری بۆ كرا، هەر زوو باس لە هێرشی ئەلیكترۆنی كرا، بەڵام كۆمپانیای فەیسبووك دوای كاراكردنەوەی خزمەتگوزارییەكان، ڕایگەیاند، “هەندێك هەمواری هەڵە لە (ڕێكخستن – setting )ی ئامێرە سەرەكییەكانی ئاراستەكردن (ڕاوتەر) كە جووڵەی نێوان سەنتەرەكانی داتاكان ڕێكدەخات، بوونەتە هۆی دروستكردنی كێشە و وەستانی خزمەتگەزارییەكان و پچڕانی پەیوەندیی نێوان بەكارهێنەران و ئەوپلاتفۆڕمانە”.

كێشەكە نزیكەی 3.5 ملیار كەسی لە تەواوی جیهاندا لە خزمەتگوزارییەكانی فەیسبووك، ئینستگرام و وەتسئەپ بێبەشكرد، بۆیە فەیسبووك داوای لێبووردنی لە بەكارهێنەران كرد لە خەڵك و كۆمپانیاكان.

لەكاركەوتنە چەند كاتژمێرییەكە زیانی بە پشكەكانی كۆمپانیاكە گەیاند و نزیكەی 5%ی پشكەكانی فەیسبووك لە بازاڕی جیهانیدا دابەزی، كە گەورەترین دابەزینە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردووەوە تووشی دەبێت، بەڵام دوای گەڕانەوەی خزمەتگوزارییەكان، پشكەكانی كۆمپانیاكە نزیكەی 0.5 پۆینت بەرزبووەوە.

هەروەها پشكەكانی خودی مارك زوكەربێرگ دامەزرێنەری پلاتفۆڕمەكە 6% دابەزی و لە پلەی پێنجەمی دەوڵەمەندترینەكانی جیهانەوە هاتە پلەی شەشەم.

بەپێی ماڵپەڕی (Fortune)، داهاتی لەدەستدراوی فەیسبووك لەو چەند كاتژمێرەی ڕابردوودا گەیشتووەتە نزیكەی 99.75 ملیۆن دۆلار، ئەگەر ڕێژەی قازانجی كۆمپانیاكە لە نیوەی دووەمی ئەمساڵ بەراورد بكرێت بە كاتژمێرەكانی لەكاركەوتنی كۆمپانیاكە، بەو پێیەی لە نیوەی دووەمی ئەمساڵدا فەیسبووك هەر كاتژمێرێك نزیكەی 13.3 ملیۆن دۆلار داهاتی هەبووە.

بابەتی پێشتر

ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێم

بابەتی دواتر

بافڵ تاڵەبانی بۆ د. عەبدوللـەتیف: پشتیوانبن بۆ برەودان بە گیانی تەبایی و لێبوردەیی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share