كەی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی هەرێم دەگاتە پەرلەمان؟

هەرچەندە بڕیاربوو لە مانگی دوودا پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی هەرێم بنێردرێتە پەرلەمانی كوردستان، بەڵام تا ئێستا نەنێردراوە و پەرلەمانتارێكیش هۆشداری دەدات و دەڵێت، “گەر لەم مانگەدا پرۆژەیاساكە نەنێردرێت هەرێم ئەمساڵیش یاسای بودجەی نابێت”.

حكومەتی هەرێم بە پشت بەست بەو داهاتەی لە بەغدادەوە دەستی دەكەوێت، پرۆژەیاساكەی داڕشتووە و پرۆژەكە لە گۆڕەپانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمدایە.

هەرێم ئەمساڵ یاسای بودجەی دەبێت؟

سەبارەت بە پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی هەرێم، سەركۆ گڵاڵی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “لە 5ی كانونی دووەمی ئەمساڵ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، وەزارەتەكانی پلاندان و دارایی ڕاسپارد بۆ ئەوەی ئامادەكارییەكان بكەن بۆ نوسینەوەی پرۆژەیاسای بودجە، ئەو دوو وەزارەتەش بە پشت بەست بە بودجەی خەمڵێندراوی وەزارەتەكان ئامادەكارییەكانیان دەستپێكرد”.

ئەو پەرلەمانتارە ئاشكراشیكرد، “كێشەیەك كە پێشتر بۆ پرۆژەكە هاتەپێش ئەوەبوو كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم داتای نەناردووە بۆ وەزارەتی دارایی، دواتر وتیان ئەو كیشەیەش چارەسەر دەبێت، بە گشتی بڕیاربوو لە 25ی مانگی شوبات پرۆژەكە بهاتایەتە پەرلەمان و لە كۆتایی مانگی ئازار پەسەند بكرایە، بەڵام دواكەوت”.

سەركۆ گەڵاڵی دواكەوتنی ئامادەبوونی پرۆژەیاساكەی گەڕاندەوە بۆ دواكەوتنی پەسەندكردنی بودجەی گشتیی عێراق، وتیشی، “ئیستا كە پەسەند كراوە چاوەڕوانین حكومەتی هەرێم، پرۆژەیاسای بودجە پەسەند بكات و بینێرێتە ئەنجومەنی شورا و ئەوانیش بۆ پەرلەمانی بنێرن”.

هۆڵی دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان

كەی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی هەرێم دەگاتە پەرلەمان؟

“بەگوێرەی زانیارییەكانی ئێمە، لە هەفتەی ئایندەدا ئەنجومەنی وەزیران ڕەنگە پەسەندی بكات و دواتریش بێتە پەرلەمان”، وەك سەركۆ گڵاڵی ئاماژەی پێكرد.

هۆشداریشیدا، “ئەگەر پرۆژەیاسای بودجەی هەرێم لەوە زیاتر دوا بخرێت و لەم مانگەدا نەیاتە پەرلەمان، ئەوا پێناچێت هەرێم ببێتە خاوەنی یاسای بودجە، حكومەتیش ئێستا بیانوی نەماوە بۆ نەناردنی پرۆژەكە”.

یەكێك لە سەرچاوەكانی داهاتی هەرێم لە پرۆژەیاسای بودجەدا ئەو پارەیەیە كە بەغداد دەینێرێت

پێشتر حكومەتی هەرێم دوو پێشنیازی لە بەردەست بوو بۆ ئامادەكردنی ڕەشنوسی بودجەی گشتیی هەرێم، ئەوانیش پرۆژەیەك بەبێ ناردنی پارە لەلایەن بەغدادەوە كە پشت بە داهاتی هەرێم خۆی ببەستێت، پرۆژەیەكیش كە پشت بە ڕێككەوتن لەگەڵ بەغداد و ناردنی پارە لەلایەن ناوەندەوە بۆ هەرێم ببەستێت.

بە وتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی، “حكومەتی هەرێم ئێستا یەك پرۆژەیاسای ئامادەكردووە، ئەویش بە پشت بەستن بەو داهاتەی لەلایەن حكومەتی ناوەندەوە بۆی ڕەوانە دەكرێت”.

ئەندامەكەی لیژنەی دارایی نەیشاردەوە كە، “لیژنەی دارایی ئامادەكاریی خۆی تەواو كردووە ئامادەیە پرۆژەكە وەربگرێت و بە ئەركی خۆیان هەستن”.

سەبارەت بە هەمان پرس، ڕۆژی 31ی ئازار، ڕێواس فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی، “بڕیاربوو حكومەت لە ناوەڕاستی مانگی سێدا پرۆژەیاسای بودجە بنێرێتە پەرلەمان، بەڵام نەیناردووە، چاوەڕوانی حكومەت دەكەین بۆ ئەو مەبەستە”.

ڕێواس فایەق ئەوەشی وت، “هەشت ساڵە هەرێم یاسای بودجەی نییە، بەڕاستی نادەستوری و نایاساییە كە بەبێ بودجە پارە خەرج بكرێت، هەرێمی كوردستان لە خراپترین قۆناغەكانی خۆیدا بودجەی هەبووە ناكرێت ئێستا نەیبێت”.

بابەتی پێشتر

پاریس سانت جێرمان 0-1 لیل

بابەتی دواتر

ئەمریكا: شا عەبدوڵا هاوبەشی ئێمەیە و پشتیوانیی دەكەین

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

غەریب ئەحمەد: پێشنیازەكەی یەكێتی لەبارەی پاشەكەوتەوە دەخرێتە دەنگدانەوە و پەسەندكرا سەركەوتنەكە بۆ خەڵكی كوردستانە

غەریب ئەحمەد پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، هەڵوێستی یەكێتی…
Total
0
Share