بەرهەم ساڵح: ئەم هەڵبژاردنە بۆ خەڵكی كوردستان و پێكهاتەكانی دیكە چارەنووسسازە

بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق

سەرۆك كۆماری عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئەم هەڵبژاردنە بۆ خەڵكی كوردستان و بۆ پێكهاتەكانی دیكەش چارەنووسسازە.

بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق لەوەڵامی پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا، دەربارەی پەیامی بۆ هەڵبژاردن ڕایگەیاند، هیوادارم ئەم هەڵبژاردنە هەڵبژاردنێكی ئازاد و دیموكراسییانە و دەرفەتێكیش بێت بۆ دەربڕینی ڕای خەڵك و پێداگیری و چاوەڕوانیی خەڵك لە بەدیهێنانی حكومڕانییەكی باشتر.

بەرهەم ساڵح وتیشی، “ئەم هەڵبژاردنە بۆ خەڵكی كوردستان و بۆ پێكهاتەكانی تریش چارەنووسسازە، ئەم هەڵبژاردنە تەنها و تەنها بۆ بەدیهێنانی حكومەتی ئایندەی عێراق نییە، بەڵكو لەدوای ئەم هەڵبژاردنە كۆمەڵێك پرسی گرنگی چارەنووسساز سەبارەت بە عێراق دێتە كایەوە، لەوانە پێداچوونەوەی دەستوور”.

دووپاتیشیكردەوە، “گرنگە كۆمەڵانی خەڵك بەشێوەیەكی بەربڵاو بەشداربن لەم هەڵبژاردنە و هەوڵبدەن هەریەك بە ئازادانە دەنگی خۆی بۆ ئایندەی خۆی تۆماربكات و بەشداربێت لە دیاریكردنی ئایندەیەكی باشتر بۆ وڵاتەكەمان”.

ئەو وتانەی سەرۆك كۆماری عێراق ئەمڕۆ لەمیانەی سەردانكردنیدا بوو بۆسەر مەزاری مام جەلال، ڕاستەوخۆ دوای گەڕانەوەی بۆ سلێمانی كە لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی لەلایەن بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێشوازیكرا.

هەروەك لەسەر مەزارەكەی وتی، “مام جەلال بەرجەستەی خەباتی گەلێك و بەسەرهاتی وڵاتێك و ناوچەیەكە، زیاتر لە نیو سەدە لە هەموو وێستگەكانی وەرچەرخانی ئەم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كوردستان و عێراقە مام جەلال هۆكارێكی كاریگەربوو بۆ پێكەوە كاركردن كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و پێكهاتەكانی عێراق بۆ بەدیهێنانی ئازادی و دیموكراسی”.

بەرهەم ساڵح ئاماژەی بەوەشكرد، “ئەمڕۆ لە هەموو ڕۆژێك زیاتر بەها جوانەكان كە مام جەلال پێی ناسرابوون، بەهاكانی پێكەوەژیان و هاوكاری و هەماهەنگیی خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵك و چەپكە گوڵە جوانەكەی مام جەلال بۆ كاری سیاسیمان و بۆ كاری ڕێكخراوەییمان پێویستە”.

لە كۆتاییشدا وتی، “بەردەوامبوونمان لەو ڕێبازە و خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵك باشترین وەفایە بۆ گیانی بەرزەفڕی مام جەلال و شەهیدانی دیكەی كوردستان”.

بابەتی پێشتر

پێنج یانەی ئەوروپا لەڕووی ژمارەییەوە باشترینن

بابەتی دواتر

پلاندانانی عێراق ڕێکاری نوێ بۆ کەمکردنەوەی هەڵئاوسان جێبەجێدەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share