سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆكی تیمی لێكۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە تاوانەكانی داعش كۆبووەوە، پرسی دادگاییكردنی “تیرۆریستان” تاووتوێكرا.
لە دیدارەکەدا پرۆسەی دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش و پەرەپێدانی هەماهەنگیی نێوان دەسەڵاتی دادوەریی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی تاوتووێ کران، سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە تاوانەکانی داعش، تیشکی خستووەتەسەر دوایین ڕێکارە یاسایی و تەکنیكییەکانی دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش لە سەر ئەو تاوانانەی بەرامبەر مرۆڤایەتی ئەنجامیان داوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئامانج لەم دادگاییکردنە، پەند وەرگرتنە لەو تاوانانە و ڕێگەگرتنە لە دووبارەبوونەوەیان، وەك لە ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە.
ئەوەش ئاشكراكراوە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جەختی لەوە کردەوە کە هاوکات لە گەڵ دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هەماهەنگ و هاوکاريش بێت بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێک، بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانییانی دەستی تیرۆریستانی داعش و ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانەی، لەلایەن تیرۆریستانەوە وێران کراون، بۆ زەمینەخۆشکردن لە پێناو گەڕانەوە ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان.