وەزیری دارایی بۆ ئێستا: هیچ گومانێک لەبارەی نەناردنی 200 ملیارەکە ڕاست نییە

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان گومانەكان لەبارەی ئەگەری نەناردنی 200 ملیار دینارەكە لەلایەن بەغدادەوە بە ناڕاست ناودەبات، ئەگەری گەڕانەوە بۆ لێبڕینی مووچەش دەبەستێتەوە بەو پارەیەوە.

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، ئاوات شێخ جەناب ڕایگەیاند، ناردنی 200 ملیار دینارەکەی هەرێمی کوردستان لەلایەن عێراقەوە بەپێی دوو بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پاڵپشتیی لێکراوە، “هیچ گومانێک لەبارەی نەناردنی ئەو پارەیەوە ڕاست نییە”.

وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان جەختیکردەوە، ناردنی ئەو پارەیە مافێکی یاسایی و دەستووریی هەرێمی کوردستانە و لە بودجەی عێراقدا جێگیرکراوە.

سەبارەت بە ئەگەری گەڕانەوە بۆ لێبڕینی مووچە، ئاوات شێخ جەناب وتی، “تا کاتێک عێراق پابەندییە داراییەکانی بەرامبەر هەرێمی کوردستان جێبەجێبکات، مووچە بەتەواوی دابەشدەکرێت و لێبڕین نابێت”.

“پاشەکەوتی مووچە و پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دوو بابەتی پەیوەندیدارن بە باشبوونی دۆخی دارایی حکومەتی هەرێم، هەرکاتێک دۆخی دارایی باش ببێت، پاشەکەوتی مووچە و پلە بەرزکردنەوە دەگەڕێنرێتەوە”، وەزیری دارایی وای وت.

چەند مانگێكە بەغداد 200 ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت، لەكاتەوە حكومەتی هەرێم لیبڕینی مووچەی لابرد و مووچەی تەواوەتیی فەرمانبەران دابەشدەكات.

بۆ مانگی ئەیلول تا ئێستا بەغداد 200 ملیارەكەی نەناردووە، چەند ڕۆژی ڕابردوو فارس عیسا نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغداد ڕایگەیاند، هۆكاری دواكەوتنی ڕەوانەكردنی 200 ملیار دینارەكەی بەغداد، پشوو و هەروەها ڕێوڕەسمی چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێنە.

بابەتی پێشتر

سوریا یەکەم نووسراوی "ئەبجەدی" لە مێژووی مرۆڤایەتییدا نیشاندەدات

بابەتی دواتر

قەتەر بۆ یەكەمجار لە مێژوودا ئەنجومەنی شورا هەڵدەبژێرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share