ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، تەنیا ئەو ڕاگەیەنراو و بابەتانەی لە سایتی فەرمی ئەنجومەن بڵاودەکرێنەوە، گوزارشت لە ڕای ئەوان دەكات.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ سێشەممە 27ی تشرینی یەكەم ڕوونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و تیایدا دەڵێت، تەنیا ئەو ڕاگەیەنراو و بابەتانەی لە سایتی فەرمی ئەنجومەن بڵاودەکرێنەوە، گوزارشت لە ڕای ئەوان دەکات و هەر شتێکی تر لە دەرەوەی ئەم چوارچێوەیەدا بێت، دەربڕی ڕای فەرمی ئەنجومەنی ئاسایش نییە.
دەشڵێت، هەموو هەوڵێک بۆ “چەواشەکردنی ڕای گشتی و بۆ دژایەتیکردنی دەسەڵاتە فەرمییەکان، لەژێر هەر فشارێکدا بێت ڕەتدەکەینەوە”.
دوێنێ ئەنجومەنی ئاسایش ڕایگەیاند سێ گروپیان دەستگیركردووە کە یەکێکیان سەر بە پەکەکە-یە و پیلانی هێرش کردنەسەر کونسوڵگەری، پارێزگار و نوێنەرایەتییەکانیان داڕشتووە، لە بەرامبەریشدا تیمی یەکێتی لە ئەنجومەنەکە ئەو ڕاگەیەنراوەی ڕەتكردەوە و دەڵێت، “به هیچ جۆرێك ئاگاداری ئۆپهراسیۆنی لهم جۆره نین”.
دهقی ڕوونكردنەوەكە:
ڕوونکردنەوەیەک لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە
تەنیا ئەو ڕاگەیاندراو و بابەتانەی لە سایتی فەرمی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان (https://www.krsc.gov.krd) بڵاودەکرێنەوە، گوزارشت لە ڕای ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەکەن و هەر شتێکی تر لە دەرەوەی ئەم چوارچێوەیەدا بێت، دەڕبڕی ڕای فەرمی ئەنجومەنی ئاسایش نییە. هەموو هەوڵێکیش بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتی و بۆ دژایەتیکردنی دەسەڵاتە فەرمییەکان ، لە ژێر هەر فشارێکدا بێت ڕەت دەکەینەوە. خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە ئەم هەوڵە نەزۆکانە، لە کارەکانمان ساردمان ناکاتەوە و بەردەوام دەبین لە دابینکردنی ئاسایشی هاووڵاتیان و پووچەڵکردنەوە و ڕێگەگرتن لە هەموو هەوڵێکی تێکدەرانە و هەموو ئەوانەی دەستیان لەم کارە تیرۆریستیانەدا هەیە ، ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.